عەلی تەتەر: ئامادەکاری بۆ فێستیڤاڵێکی تایبەت بە بەرهەمی تەحین لە پارێزگای دهۆک دەکرێت

عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک
عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک

K24 - دهۆک

پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا فێستیڤاڵێکی تایبەت بە بەرهەمی تەحینی ئامێدی رێکدەخەن.

عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک، بە کوردستان24ی راگەیاند، یەکێک لەو شتانەی کە ئامێدی پێی بەناوبانگە بەرهەمی تەحینە، کە زیاترە لە هەموو بەرهەمەکانی دیکە لەو قەزایە دەفرۆشرێت، بڕیارمانداوە ئەمساڵ لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی کونجی فێستیڤاڵێکی بۆ تەحینی ئامێدی رێکبخەین، تێیدا هەموو ئاشەکانی دروستکردنی تەحین لە پارێزگای دهۆک و ناوچەکانی دیکەش دەتوانن بەرهەمەکانیان نمایش بکەن.

گوتیشی: "لە ئێستاوە قایمقامی ئامێدیمان راسپاردووە، بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ رێکخستنی پێشەنگەی تەحین بکەن، ئێمەش بە هەموو شێوەیەک ئامادەکاری دەکەین".

عەلی تەتەر، راشیگەیاند: "لەسەر راسپاردەکانی سەرۆک بارزانی، کە لە دوایین سەردانیدا بۆ دەڤەرەکە گفتوگۆی لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەکە کرد، گرنگی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار دەدەین، هەروەها مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەردەوام، رامان دەسپێرێت کە پشتوانی زیاتر لە کەرتی کشتوکاڵ و کاری جووتیاران بین".

ئاماژەی بەوەشدا، یەکێک لە داواکارییەکانی خەڵکی دەڤەری بادینان لە سەرۆک بارزانی، بابەتی دروستکردنی گەراج بوو، لە داهاتووێکی نزیک گەراج و هۆتێلێکی مۆدێرن لە دەڤەری ئامێدی دروست دەکەین".