دەزگای خێرخوازی بارزانی ئێوارەخوانێک بۆ زیارەتکاران رێکدەخات

موسا ئەحمەد: ئامادەکاری تەواو بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران کراوە

K24 – هەولێر:

موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی رایگەیاند، لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە راسپێدراون کە ئامادەکاری پێویست ئەنجامبدەن بۆ پێشکەشکردنی زۆرترین خزمەتگوزاری بە زیارەتکارانی شیعە، هاوکات گوتیشی: ئەمڕۆ ئەم رۆژە بوو کە زۆرترین رێژەی زیارەتکاران لێرەن، بۆیە ئەو رۆژەمان هەڵبژارن بۆ سازدانی ئێوارەخوانێک بۆیان

دەزگای خێرخوازی بارزانی ئێوارەخوانێک بۆ زیارەتکاران رێکدەخات، لەمبارەیەوە موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەزگای خێرخوازی بارزانی لەلایەن سەرۆک بارزانی راسپێردراوین هەموو توانایەکی خۆمان بخەینەگەڕ بۆ بۆنە نیشتمانییەکان، نەتەوەییەکان و ئایینییەکان.

هاوکات راشیگەیاند، لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێمە تەواوی دامودەزگاکانی حکومەت راسپێردراوین ئامادەکاری پێویست ئەنجامبدەین بۆ هەموو ئەو زیارەتکارانەی کە رێگەیەکی دووریان بڕیوە، هەروەها رێگەیەکی دوریشیان هێشتا ماوە.

سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئاماژەی بەوەشدا، ئامادەکاری و ئاسانکرای تەواو کراوە بۆ زیارەتکاران هەموو پێداوسیتیەکانیان بۆ دابین کراوە.

دەشڵێت: ئەمڕۆ ئەو رۆژە بوو کە زۆرترین زیارەتکار لێرەن، بۆیە ئەو رۆژەمان هەڵبژارن بۆ سازدانی ئێوارەخوانێک بۆیان.

موسا ئەحمەد، گوتیشی: ئەوەی گرنگە بەلای ئێمە رای زیارەتکارانە، زیارەتکارانیش لەو ئامادەکاری و ئاسانکارییانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر رازینە و سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.

رۆژی (26ـی ئابی 2023) نەسروڵا رەشنودی، کونسوڵی گشتی ئێران لە هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، هیوادارن خەڵکی ئەوان کە بۆ زیارەتکردن دەچنە ناوچە پیرۆزییەکان دوعای خێر بۆ خەڵک و حکومەتی کوردستان بکەن بۆ ئەو هەموو خزمەتگوازارییەی کە پێشکەشیان کردوون. ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە باشترین شێوە هاوکاری زیارەتکارانی کردووە.

کونسوڵی گشتی ئێران، گوتی: "سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێر و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەین بۆ پێشکەشکردنی ئەو هەموو خزمەتگوزاریانەی کە پێشکەشی زیارەتکارانی ئێمەی کردووە".

لەلایەن خۆیەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پارساڵ ئەزموونێکی نوێ بوو یەکەمینجار بوو لەو رێگەیەوە پێشوازی لە زیارەتکاران بکرێت، ئەم ئەزموونەوەش زۆر بە سەرکەوتوانە کۆتایی هات بووە مایەی رەزامەندی زیارەتکاران و حکومەتی ئێران.

ئاماژەی بەوەشدا، لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە تاکو بازگەی شێراوە هەرچی خزمەتگوازری هەیە پێشکەشی زیارەتکاران دەکرێن.

پارێزگاری هەولێر، دەشڵێت: مانگی رابردوو سەردانی ئێرانمان کردبوو وەزیری ناوخۆی کۆماری ئێران سوپاسی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پێشکەشکردنی ئەم هەموو خزمەتگوزارییە بە زیارەتکاران.

ئومێد خۆشناو، باسی لەوەشکرد، "کۆماری ئێران بە ئێمە راگەیاندووە، پێشبینی هاتنی 500 هەزار زیارەتکار لەڕێگەی دەروازەی نیودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دەکەن و رۆژانە دوو بۆ سێ هەزار زیارەتکار لەو دەروازەیەوە دێن".

چلەکەی حوسێن یەکێکە لە دیارترین بۆنە ئاینییەکان بۆ  پێكهاته‌ی شیعەکان، ئەوان بە سەردانیکردنی گۆڕی حوسێن بن عەلی بن ئەبی تاڵیب کە سێیەم ئیمامی ناو شیعەکانە لە کەربەلا، شیوه‌ن دەگێڕن، هەروەها سه‌ردانی گۆڕی ئەبو فەزل عەباسی براشی ده‌كه‌ن