ئاوات شێخ جەناب: عێراق پابەندی رێککەوتنەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان نییە

کۆبوونەوەی وەزیری دارایی لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا
کۆبوونەوەی وەزیری دارایی لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا

K24 – هەولێر:

وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، عێراق پابەندی رێککەوتنەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان نییە و چەندین هەوڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش لە ئارادان بۆ چارەسەری کێشەکان.

 رۆژی سێشەممە (29ـی ئابی 2023) نووسینگەی وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لەکاتی پێشوازیکردنی لە شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا رایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمدا چاکسازی لە بواری باج، گومرگ، بانک و سێکتەرە جیاوازەکان لەڕێی بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستمی خەرجی و چەند سێکتەرێکی دیکە ئەنجامداوە و تواندراوە خەرجی ناپێویست کەمبکەنەوە و خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بە هاووڵاتییان بکەن.    

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداش، وەزیری دارایی روونیکردووەتەوە سیاسەتی کابینەی نۆیەم سفرکردنەوەی کێشەکان بووە لەگەڵ بەغدا بەپێی دەستوور، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین رێکەوتنیان لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجامداوە، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونی حکومەتی عێراقەوە رێکەوتنەکان جێبەجێنەکراون.

وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەشکردووە، چەندین هەوڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە ئارادایە بۆ چارەسەری کێشەکان و داوای لە شاندی پەرلەمانی کەنەداش کرد رۆڵی خۆیان لەو بارەیەوە ببینن.

هەروەها رۆژی یەکشەممە (13ـی ئابی 2023)، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێکردووە و چاوەڕێی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەکەین و مووچەی هاونیشتیمانییان ئەولەوییەت دەبێت لەکاتی گەیشتنی بودجە لە بەغداوە.

لە کۆتایی هەفتەی یەکەمی ئەم مانگەش شاندێکی باڵای دیوانی چاودێری دارایی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و چەندین کۆبونەوەیان لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری، گومرگ، باج، بودجە و چەندین بەڕێوبەرایەتی و وەزارەتی حکومەتی هەرێم ئەنجامدا، بە مەبەستی وردبینی لە داهات و خەرجی نەوت و نانەوتییەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان.

رۆژی (12ـی حوزەیرانـی 2023)، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسەندکرد، هەروەها رۆژی دووشەممە (7ـی ئابی 2023)، رۆژنامەی وەقایعی عێراقی کە وەزارەتی دادی عێراق دەری دەکات، رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراقی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەپێی رێنماییەکان، دەبێت ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023 – 2024 - 2025) بکرێت.