بە مووشەک و درۆن هێرشکرایە سەر کیێڤ

K24 - هەولێر

سوپای رووسیا بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا، ئەم هێرشە بە فراوانترین هێرشی ئاسمانی دا دەنرێت لە سێ مانگی رابردوودا بۆ سەر کیێڤ.

ئیدارەی سەربازی شاری کیێڤ بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 30/8/2023 رووسیا بە بەکارهێنانی 20 درۆن و چەندین مووشەک هێرشی کردووەتە سەر شارەکە.

لە راگەیەندراوی ئیدارەی سەربازی شاری کیێڤ ئاماژە بەوەشکراوە، زۆرینەی درۆن و مووشەکە رووسیەکانیان تێکشکاندووە و داواشیان لە هاووڵاتییانی شارەکە کردووە لە ماڵ و شوێنە پارێزراوەکاندا بمێننەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی رووسیا بۆ سەر کیێڤ، گەورەترین هێرش بووە لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا.

لە 24ی شوباتی 2022 سوپای رووسیا بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتین، لە هەرێمی دەنباس، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە دژی ئۆکراینا دەستپێکرد، ئەگەرچی مۆسکۆ دەیویست مەترسییەکان لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی دوور بخاتەوە، بەڵام تادێت گۆڕەپانی جەنگەکە فراوانتر دەبێت و پریشکی ئاگرەکە سنوورەکانی رووسیای بڕیوە و  زیانی بە چەندین ناوچەش گەیاندووە، هاوکات ئەو جەنگە بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی چەندین جۆر خۆراک و کەلوپەل لە زۆربەی وڵاتان.