تۆم کیمیچ: کوردستان هێندە ئارام و سەقامگیرە هەستدەکەیت لە کەنەدایت
K24 - هەولێر
تۆم کیمیچ، سەرۆکی شاندی پەرلەمانی کەنەدا و سهرۆكی كۆمهڵهی دۆستانی كورد له پهرلهمانی ئهو وڵاته، رایدەگەیەنێت، بە مەبەستی برەودان بە پەیوەندییەکانی ئۆتاوا و هەولێر، هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، "کە دێیتە هەرێمی کوردستان، هەستدەکەیت لە کەنەدایت، هێندە ئارام و سەقامگیرە".
رۆژی 28ــی ئابی 2023، شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا كه له چهندین پارتی سیاسی جیاواز پێكهاتوون و پەرلەمانتار تۆم کیمیچ سهرۆكایهتی دهكات، گەیشتە شاری هەولێر.
تۆم کیمیچ لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 15:00ـی کوردستان24، رایگەیاند، "یەکەمجارە وەکو پەرلەمانی کەنەدا سەردانێکی لەمشێوەیە بۆ هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەین و دەمانەوێت لە هەموو بوارەکاندا پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوان کەنەدا و هەرێمی کوردستان بدەین".
ههروهها کیمیچ گوتی "لە سەردانماندا بۆ هەرێمی کوردستان، تا ئێستا لەگەڵ چەندین ناوەندی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە مەدەنی و حکومییەکان کۆبووینەتەوە. ئامانجامانە زیاتر ئاشنای دامەزراوە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، پارت و لایەنە سیاسییەکان، کولتووری کوردستان و مێژووکەی ببین و زانیاری زیاتریان لەبارەوە بزانین".
هاوكات سهرنجی بۆ ئهوه راكێشا، لە کەنەدا پەیوەندییەکی زۆرباشیان لەگەڵ کورد هەیە و لەگەڵ دۆستە کوردەکانیان بەردەوام لە پەیوەندیدان و گفتوگۆ لەسەر کولتوور، خواردن و دابونەریتەکانی كورد دەکەن. جهختیشیكردهوه، كورد میواندۆستن و، کاتێک لە کەنەداوە دێینە کوردستان، به تهواوهتی ههست بهو میواندۆستییهیان دهكرێت.
تۆم کیمیچ گوتیشی: "کە دێیتە هەرێمی کوردستان هەستدەکەیت لە کەنەدایت، هەست دەکەیت هەرێمی کوردستان بەشێکە لە کەنەدا لەڕووی ئارامی و ئاسایشەوە، بەڕاستی ئەمە نامەیەکی زۆر جوانە بۆ هەموو کەنەدییەکان، کە وایان لێ دەکات سهردانی هەرێمی کوردستان بكهن".