بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان: حاڵەتێکی تووشبوون بە کۆلێرا لە گەرمیان تۆمارکراوە

سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان
سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان

K24 – هەولێر:

سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان، رادەگەیەنێت، هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا بۆ ئاوی پیس دەگەڕێتەوە، هاوکات دەڵێت: لە چەند رۆژی رابردوو لە سنووری گەرمیان هۆشداریمان دا لەوەی پەتای سکچوونی وەرزی روو لە هەڵکشاندایە.

سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا ئاوە، ئەمڕۆش بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەری خۆپاراستنی سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە، هۆکاری بڵاوبوونەوەی کۆلێرا بۆ ئەوە دەگەرێننەوە ئەو ناوچانەی کە بە تەنکەر ئاویان بۆ دەچێت و سەرچاوەی ئاوی تەنکەرەکەش نادیارە.

هاوکات راشیگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوو لە سنووری گەرمیان هۆشداریمان دا پەتای سکچوونی وەرزی روو لە هەڵکشاندایە، هەروەها چەند کاتژمێرێک پیش ئێستا "منیش پەیامێکم بڵاوکردەوە، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا ئێمەش تووشی ئەو حاڵەتە دەبین بەهۆی ئەوەی کە لە سلێمانی بڵاوبووەتەوە حاڵەتەکانیش روو لە هەڵکشانە و دەگوازرێتەوە بۆ ئێمەش کاتێک هاووڵاتییانمان سەردانی سلێمانی دەکەن".

ئاماژەی بەوەشدا، ئەمڕۆ حاڵەتێکی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا لە شارۆچەکی رزگاری لە سنووری ئیدارەی گەرمیان تۆمارکراوە، کە ئافرەتێکی تەمەن 24 ساڵە.

بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان، روونیکردەوە، پێشوەختە سەرجەم نەخۆشخانەکانی گەرمیان خراوەتە حاڵەتەی ئامادەباشییەوە بۆ مەبەستی چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە.

سیروان محەممەد، گوتی: ئێمە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان کێشەی ئاومان نییە، سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییەش ئەو هاووڵاتییانەن کە سەردانی شاری سلێمانی دەکەن، کاتێک لەوێ دەگەڕێنەوە هاووڵاتییانیش تووشدەکەن "ئێمەش رامانگەیاندوە، کاتێک لە سلێمانی گەڕانەوە دەبێت پشکنینیان بۆ بکرێت".

گوتیشی: ساڵی پاریش بە هەمان شێوە کۆلێرا لە سلێمانی بڵاوبووەوە.

بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان، هاووڵاتییان ئاگەدار دەکاتەوە، ئەوانەی کە تووشی حاڵەتی سکچوون دەبن و دەڵێت، لەم کاتەدا هەرکەسێک تووشی سکچوون دەبێت با راستەوخۆ سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی بکات و بۆ ئەوەی لەوێدا پشکنینی پیساییان بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە ئایا توشی کۆلێرا بووە یا نا.

ئەوەشی خستەڕوو، هەرکەسێک پشکنینی بۆ کرا ئەگەر تووشی سکچوونەکە بوو، جگە لە مەڵبەندە تەندروستییەکان بە هیچ شێوەیەک نابێت لە نۆرینگە و دەرمانخانەکانی دەرەوە چارەسەر وەربگرێت، بۆ ئەوەی تووشی وشکبوونەوە نەبێت.

لەبارەی خۆپارستان لەو نەخۆشیە، سیروان محەممەد، رایگەیاند، گرنگترین شت ئەوەیە ئەو کەلوپەلانەی کە کەسی تووشبوو بەکاری دەهێنێت نابێت بەکاربهێندرێنەوە لەلایەن ئەندامانی خێزانەکەیەوە، چونکە ئەگەر بەکاری بهێنن راستەوخۆ تووشی نەخۆشییەکە دەبن.

رۆژی چوارشەممە (30ـی ئابی 2023) بەڕێوەبەری خۆپاراستن و تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 رایگەیاند، بەراورد بە هەفتەێ پێشوو لە سلێمانی حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە بۆ دوو ئەوەندە و سێ ئەوەندە زیادیان کردووە، هەروەها لە دوای 22ـی ئابەوە حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە زیادیان کردووە.

ئاماژەی بەوەشدا، هەندێک لە حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە لە کۆلێرا دەچن و "ئێمە پشکنینمان بۆ نەخۆشەکان ئەنجامداوە"، لە ئایندەیەکی نزیکدا ئامارەکانی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا رادەگەیەنین.

بەڕێوەبەری خۆپاراستن و تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی، دەشڵێت: ئەگەری هەیە ئاو هۆکاری زیادبوونی حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە بێت.

ناوبراو روونیکردەوە، ئەوەندەی تێبینمان کرد لە سلێمانی نزیکەی 17 تەنکەری فەرمی ئاو فرۆشتن هەیە، بەڵام ژمارەیەکی بێشومار لە تەنکەر هەیە کە کەس نازانێ ئاوەکانیان لە کوێوە دێن، پڕۆژەی ئاوەکان پێداویستی سلێمانی پڕناکەنەوە ئەمەش وادەکات هەندێک گەڕەك پشت بە ئاوی تەنکەر ببەستن ئەمەش سەرچاوەی کێشەیە و کەس نازانێت تەنکەرەکان ئاوەکانیان لە کوێوە دێنن، یاخود تا چەند ئاوەکانیان مەرجی تەندروستی تێدایە.

ئاسۆ زەنگەنە، باسی لەوەشکرد، تەنیا ئەرکی وەزارەتی تەندروستی نییە کە هۆشیاری بڵاوبکاتەوە بەڵکو ئەرکی هەمەلایەنانەیە، لەلایەکی دیکەوە ئەرکی شارەوانییە لەو شوێنانەی کە سەوزەی لێ ئاو دەدرێت دەبێت چاودێری هەبێت لەوەی کە ئاگەداربن بە ئاوی پیس ئاو نەدرێت.