لە شەش مانگی سەرەتای 2023 لەسەر ئەرکی حکومەت 68 تووشبووی شێرپەنجە نێردراونەتە ئەمەریکا

پشکنین بۆ تووشبووانی شێرپەنجە
پشکنین بۆ تووشبووانی شێرپەنجە

K24 – هەولێر:

دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی خۆڕایی بۆ نەخۆشان بەردەوامە و پشکنین و چارەسەرکردنی نەخۆشانی شێرپەنجە بێ بەرامبەر دەکرێت و لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتیش نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ لەسەر ئەرکی حکومەت 68 تووشبووی شێرپەنجە بۆ پشکنین نێردراونەتە ئەمەریکا.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، هەر نەخۆشێکی شێرپەنجە پێویستیی بە پشکنینی پیتی سکان هەبێت، بە خۆڕایی بۆی دابین دەکرێت؛ لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ، 910 پشکنینی پیتی سکان بە تێچووی 637 ملیۆن دینار بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە ئەنجام دراوە کە تێچووەکەی لەسەر نەخۆش 750 دۆلارە و حکومەت بەخۆڕایی بۆیان دابین دەکات.

ئەمە جگە لەوەی لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ، 68 نەخۆش بۆ پشکنینی ئۆنکوتا نێردراونەتە ئەمەریکا و تێچووەکەشی 251 ملیۆن دینار لەسەر حکومەت کەوتووە.

لەلایەن خۆیەوە، مێڤان موحسین، باوکی یەکێک لە توشبووانی شێرپەنجە، لە بارەى ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییە خۆڕاییانەوە رایگەیاند: "کوڕەکەی من تەمەنی نۆ ساڵە، تووشبووی نەخۆشیی شێرپەنجەیە، پشکنینەکەى ئەگەر هاوکاریی حکومەت نەبێت، زۆر گرانە. بۆیە پشکنینەکەى بێ بەرامبەر لە ئەستۆى حکومەتدا بۆ دەکرێت، ئێمە بۆ ئەو هاوکارییە سوپاسی حکومەت دەکەین".

سندووقی شێرپەنجە یەکێکە لە خزمەتگوزارییە بەردەوامەکانی حکومەت بۆ تووشبووانی شێرپەنجە و لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، زیاتر لە دوو ملیار دینار بۆ چاندنی مۆخ بۆ 47 نەخۆش لە دەرەوەی وڵات خەرج کراوە. لە کاتێکدا 408 ملیۆن دینار بۆ نەشتەرگەری لە ناوەوەی هەرێمی کوردستان و لە دەرەوەش 468 ملیۆن دینار خەرج کراوە.

هەروەها د. هەردی جەواد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی، لەوبارەوە گوتی: "حکومەتی هەرێم لە سندووقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە، لە هەوڵی هاوکاریکردنی نەخۆشان و چارەسەرکردنیاندایە، ئەوەش لە نەخۆشخانەى حکومیدا ئەنجام دەدرێت و جۆرى نەشتەرگەرییەکەیان لە ڕێگەى لیژنەوە بۆ دیاری دەکرێت. ئەگەریش لە نەخۆشخانەى گشتی بەردەست نەبوو، لە نەخۆشخانەى تایبەت بۆیان دەکرێت، ئەگەر نەشتەرگەرییەکە لە ناو هەرێم بە هەر هۆکارێک بەردەست نەبوو، لە دەرەوەى وڵات بۆیان دەکرێت. هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران بودجەی نزیکەى حەوت ملیار دینارى ساڵانەى بۆ کڕینی دەرمانی گرانبەها لە دەرەوەى سندووقەکە دابینکردووە."

حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەرکردن و چاودێریی تووشبووانی شێرپەنجە بە ئەرکی خۆی دەزانێت و لە دابینکردنی تێچووی چارەسەرکردنیان بەردەوام دەبێت.