"مێسی یه‌كێك له‌ دیارترین یاسایه‌كانی خولی ئه‌مریكا ده‌گۆڕێت"

لیۆنێل مێسی كاپتنی یانه‌ی ئینته‌ر مه‌یامی ئه‌مریكا
لیۆنێل مێسی كاپتنی یانه‌ی ئینته‌ر مه‌یامی ئه‌مریكا

خولی ئەمریکا تاکە خولە لە جیهاندا لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییە نێودەوڵەتیەکان ناوەستێت و یارییەکان بەردەوامن، بەڵام لەگەڵ چوونی لیۆنێل مێسی بۆ خولی ئەم وڵاتە، ڕەنگە ببێتە هۆی گۆڕانکاری ریشەیی، لەمەودوا یارییەکانی ئەم خولەش لە کاتی یارییە نێودەوڵەتیەکان بوەستن.

پێدەچێت هاتنی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئارجێنتینایی بۆ ریزەکانی ئینتەر مه‌یامی، نەک تەنها کاریگەری لەسەر نه‌خشه‌ی تۆپی پێی خولی ئەمریکی هەبێت، بەڵکو ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا گۆڕانکاری ڕیشەیی لەو خولەدا بکرێت.

ىەرپرسانی خولی ئەمریکا ناسراو بە MLS، تاوەکو ئێستاش پێداگیرن لەسەر ئەوەی لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییە نێودەوڵەتیەکان، خولەکەیان بەردەوام بێت و نەوەستێت، بەڵام دەنگۆیەک هەیە بەهۆی مێسیەوە ئەوانیش لەم کاتانە خولەکەیان بوەستێنن.

ڕۆژنامەی "مارکا"ـی ئیسپانی دووپاتی کردەوە کە خولی ئەمریکی خەریکە ئەو یاسایە دەگۆڕێت بەهۆی زیادبوونی بوونی یاریزانە دیارەکانی جیهان، بەتایبەت مێسی، خولی ئەمریکیش شیکاری بۆ ئەگەری وەستاندنی ڕکابەرییەکان دەکات لەکاتی پشووە نێودەوڵەتییەکاندا.

پێشتریش دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە کە هەر بەهۆی مێسیەوە، بەرپرسانی خولی ئەمریکا داوایان لە سەرجەم یانەکانی وڵاتەکەیان کردووە ئەوانەی یاریگاکانیان فریزی دەستکردە، ئەو فریزە بگۆڕن بۆ فریزی سروشتی، بۆ ئەوەی کاریگەری خراپ لەسەر لیۆ نەکات.

لەوەتەی لیۆنێل مێسی پەیوەندی بە خولی ئەمریکی کردووە، ئەو خولە بینەرەکانی لە سەرتاسەری جیهان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، هەروەها یانەکەشی توانی بۆ جاری یەکەم لەسەر دەستی مێسی ناسناوێک بەدەست بێنێت، کاتێک بوونە پاڵەوانی جامی خولی ئەمریکا.

مێسی بەشداری سێ یاریی داهاتووی یانەکەی ناکات، ئەمیش بەهۆی بانگهێشتکردنی بۆ هەڵبژاردەی ئارجێنتینا و بەشداری کردنی لە چوار یاریی داهاتووی هەڵبژاردەکەی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026، بۆیە هاندەرانی یانەکە نیگەرانن لە ئامادەنەبوونی مێسی و داوای وەستانی خولەکەیان دەکەن، له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ دابڕانی مێسی له‌ هه‌ر یارییه‌كی خولی ئه‌مریكا كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاتی یارییه‌كان ده‌بێت.