ئۆنای ئیمری و سیمیۆنی كێبڕكێ له‌سه‌ر كڕینی ئه‌م یاریزانه ده‌كه‌ن
راهێنه‌ره نوێیه‌كه‌ی پاریس سانجێرمان هێشتا یاریزانێكی بۆ شوێنی ئیبراهیمۆڤیچ نه‌كڕیوه، ئاتڵێتیكۆ مه‌دریدیش دوای شكستهێنانی له گه‌ڕانه‌وه‌ی دیێگۆ كۆستا به دوای هێرشبه‌رێكدا ده‌گه‌ڕێت، هه‌ردووكیشیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كیان یاریزانێكیان كردۆته ئامانج.
به گوێره‌ی هه‌واڵی رۆژنامه‌ی لیكیپی فره‌نسا، ئۆنای ئیمری راهێنه‌ری یانه‌ی پاریس سانجێرمان، ده‌یه‌وێت بۆ شوێنگره‌وه‌ی زڵ‌اتان، هێرشبه‌ری یانه‌ی سێڤییای پێشووی بگوازێته‌وه.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، رۆژنامه‌ی ماركا كه له مه‌درید ده‌رده‌چێت، ئاشكرای كردووه كه دیێگۆ سیمیۆنی راهێنه‌ری ئاتڵێتیكۆ مه‌درید چاوی خستۆته سه‌ر ئامانجه‌كه‌ی یانه پاریسییه‌كه و ده‌یه‌وێت له ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا كڕینی ئه‌م یاریزانه یه‌كلایی بكاته‌وه.
كیڤین گامیێرۆی ته‌مه‌ن 29 ساڵ، به ره‌سه‌ن فره‌نساییه، له هاوینی 2013 له یانه‌ی پاریس سانجێرمانه‌وه هاته سێڤییا، 3 وه‌رزه له‌سه‌ریه‌ك نازناوی یۆرۆپا لیگ له‌گه‌ڵ یانه ئه‌نده‌لووسه‌كه ده‌باته‌وه، وه‌رزی رابردووش 16 گۆڵی له لالیگا بۆ یانه‌ی سێڤییا تۆمار كرد.