هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستانەوە هۆشداری دەدات

ئاڵۆزییەکانی رۆژئاوای کوردستان
ئاڵۆزییەکانی رۆژئاوای کوردستان

K24 – هەولێر:

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند، توندوتیژییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاوای کوردستان) مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش زیاد دەکات و پێویستە توندوتیژییەکان بوەستێندرێن.

لە راگەێندراوێکدا لەبارەی ئاڵۆزییەکانی چەند رۆژی رابردوو لە رۆژئاوای کوردستان، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەڵێت، لەنزیکەوە چاودێری رووداوەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکەین و لە کارکردنمان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ لەناوبردنی یەکجاری داعش بەردەوام دەبین، لەپێناو ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، بەلاڕێدابردنی هەوڵەکان لەسەر ئەو ئەرکە گرنگە، ناسەقامگیری لێدەکەوێتەوە و مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش زیاد دەکات و پێویستە توندوتیژیی لە باکووری رۆژهەڵات سووریا رابگیرێت.

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە پێویستی دەزانێت، هەوڵەکان بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، دوور لە هەڕەشەی داعش دەستپێبکەنەوە و پابەندبوونی خۆی بە پێدانی راوێژ و راهێنان و هاوکاریکردنی هێزە هاوپەیمانەکانی بۆ لەناوبردنی داعش دووپاتدەکاتەوە.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا رۆژی (30ـی 8ـی 2023) رایگەیاند، "ئێوارەی سێشەممە لە شارۆچکەکانی ئەلعەزبا و ئەلحەریجییە لە لادێکانی دێرەزوور، پێکدادانی چەکداری لەنێوان چەکدارانی هۆزەکانی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور و هەسەدە رووویدا، لەئەنجامدا سێ چەکداری هەسەدە کوژراون".

هاوکات لەگەڵ ناکۆکییە بەردەوامەکانی چەند ناوچەیەک، ئەندامانی هێزەکانی سوریای دیموکرات دوو ئۆتۆمبێلی میلیشیای بەرگریی نیشتمانییان لە دەروازەی سەلحیە کردە ئامانج و یەکێکیان تەقێنرایەوە.

روانگە بڵاویکردەوە، کە خەڵکی سڤیل بەهۆی پێکدادانەکانەوە لە ناوچەی نیشتەجێبوونی شارۆچکەی ئەلعزبا هەڵاتوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، چەکدارانی ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزوور و ئەندامانی بەشێک لە هۆزەکان بە دۆشکە خاڵێکی سەربازی و بارەگایەکی پۆلیسی سەربازیی هەسەدەیان لە شارۆچکەی غەرانیج لە رۆژهەڵاتی دێرەزور کردە ئامانج.

لەراپۆرتەکەدا هاتووە، هەندێکی دیکە بارەگای فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوپای هێزەکانی سوریای دیموکراتیان کردە ئامانج، هەروەها کۆنترۆڵی دوو خاڵی سەربازییان لە نزیک بارەگاکەدا کرد.

بەم شێوەیە ژمارەی قوربانیانی شەڕ و پێکدادانەکان کە لە یەکشەممە 27ی ئەم مانگەوە سەری هەڵداوە، بۆ 25 کەس بەرزبووەتەوە، کە سێ کەسی سڤیل دوو کچ و ژنێک، هەروەها  16 چەکداری هۆزەکان و شەش چەکداری هەسەدە کوژراون، هەروەها  15 کەسیش بریندار بوون.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا هێزەکانی کۆماندۆ و ئۆپەراسیۆنەکانی سەر بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی هەسەدە، توانیان بەشێک لە شارۆچکەی ئەلعەزبا لە باکووری دێرەزوور کۆنتڕۆڵ بکەنەوە.

ئەم پێکدادانانە دوای ئەوە هات کە هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕۆژی یەکشەممە فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور و سەرکردە سەربازییەکانی دیکەی دەستگیرکرد.