هاككه‌رانی سوودان بۆ فشار خستنه‌سه‌ر مه‌سك هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ماڵپه‌ڕی ئێكس

K24 – هەولێر:

کۆمەڵێک هاککەری ئەلیکترۆنی کە خۆیان بە "ئەنۆنیمۆسی"ـی سوودان ناودەبەن، ماڵپەڕی "X" (تویتەری پێشوو)لە کارکردن لە ژمارەیەک وڵاتدا وەستاند. ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ فشار خستنەسەر ئیلۆن مەسک بۆ دەستپێکردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی "starlink" لە سوودان.

کەناڵی "بی بی سی" بڵاویکردوەتەوە، ماڵپەڕی ئێکس بۆ ماوەی زیاتر لە دوو کاتژمێر لەکارکەوتووە و هەزاران بەکارهێنەری ئەم هێرشە ئەلیکترۆنییە کاریگەرییان لەسەر بووە، هاوکات هاککەرەکان پەیامێکیان لە ئەپڵیکەیشنی تەلەگرام بڵاوکردووەتەوە و تێیدا نووسراوە:"با پەیامەکەمان بگاتە ئیلۆن مەسک و خزمەتگوزاری "starlink" لە سوودان دەستپێبکات".  ماڵپەڕی "X" دوایین قوربانی گرووپی "ئەنۆنیمۆس"ـی سوودانە.

"بی بی سی" بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی "تەلەگرام"ەوە لەگەڵ گرووپی "ئەنۆنیمۆس"ـی سوودان قسەی کردووە، هاوکات ئەندامێکی گرووپەکە کە بە ناوی هۆفا خۆی ناساندووە گوتی: هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی "DDoS" یان "Distributed Denial of Service" کە گروپەکە لە ماڵپەڕی"X "دەستیپێکردووە، ئامانجی هۆشیارکردنەوەی خەڵک بووە سەبارەت بە شەڕی ناوخۆ لە سوودان، کە "ئینتەرنێت زۆر خراپ دەکات، ئێمە بەدەست پچڕانی خزمەتگوزاری بەردەوامەوە دەناڵێنین".

ماڵپەڕی "X" بە ئاشکرا دان بە پچڕانی خزمەتگوزارییەکەیدا نەناوە، هەروەها خاوەنی کۆمپانیاکە، ئیلۆن مەسک، وەڵامی داواکارییەکانی گروپەکەی نەدایەوە بۆ دەستپێکردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی "starlink" لە سوودان.

زۆرێک لە جیهانی ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا گرووپی "ئەنۆنیمۆس"ـی سوودان تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە یەکەیەکی سەربازی ئەلیکترۆنی رووسییە و خۆیان لە گرووپێکی هاککردنی بیانیدا پۆشیوە. ئەم تیۆرییە لە پشتگیریی ئۆنلاین بۆ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا سەرچاوەی گرتووە.

بەڵام ئەو گروپە چەندین جار رەتیانکردەوە کە رووسی بن و گروپەکە بەڵگەکانی پیشانی "بی بی سی" دا کە دەیسەلمێنێت لە سوودانن و رووسی نیین.

وەک بەڵگەیەک لەسەر بوونی ئەوان لە سوودان، گوتەبێژی فەرمی و ئەندامی سەرەکی گروپەکە، کە بە ناوی "کراش" خۆی ناساندووە شوێنی راستەوخۆی خۆی لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی تەلەگرام لەگەڵ کەناڵی بی بی سی هاوبەش کرد. هەروەها کراش و هۆفا وێنەی پاسپۆرتە سوودانییەکانیان و چەند وێنەیەکی دیکەیان ناردووە کە ئاماژەن بۆ بوونی خۆیان لە سوودان.

کراش گوتی: ئامانجی درێژخایەنمان ئەوەیە کە نیشانی جیهان بدەین کە گەلی سوودان سەرەڕای کەمی تواناکانیان، بەڵام لە چەندین بواری جیاوازدا لێهاتوویی زۆر باشیان هەیە.  ئەو پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە گروپەکەیان لە "ژمارەیەکی کەم" لە هاککەرە سوودانییەکان پێکدێت، کە لە سوودانەوە هێرشی ئەلیکترۆنی دەستپێدەکەن، سەرەڕای پچڕانی بەردەوامی ئینتەرنێت.

لە دوای دەرکەوتنی لە مانگی یەکەوە، گروپی "ئەنۆنیمۆس"ـی سوودان سەرکەوتوو بووە لە پەکخستنی خزمەتگوزارییەکانی دەیان رێکخراو و خزمەتگوزاری وێبی حکومی لە فەرەنسا، نەیجیریا، ئیسرائیل و ئەمەریکا.

مانگی رابردوو ئەو گرووپە هێرشیان کردە سەر کینیا و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە حکومەتی ئەو وڵاتە "دەستوەردان لە کاروباری سوودان" دەکات.

"ئەنۆنیمۆس"ـی سوودان بانگەشەی ئەوە دەکات کە هێرشە تاوانکارییەکانی خۆی بە مەبەستی "بەرگریکردن لە راستی و ئیسلام و سوودان" ئەنجام دەدات، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی بی بی سی، هەوڵی رەشبگیری قوربانییەکانی داوە بە مەبەستی بەدەستهێنانی بیتکۆین.