سەرۆکی ڤاگنەر لە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێتەوە و دەڵێت 'هەموو شتێک باشە'

یەڤگینی پریگۆژین
یەڤگینی پریگۆژین

K24 - هەولێر:

چەناڵێکی تێلگرام ڤیدیۆیەکی یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی پێشووی گرووپە سەربازییەکەی بڵاوکردەوە کە تێیدا پریگۆژین باس لە دۆخی خۆی دەکات و دەڵێت: هەموو شتێک باشە.

پریگۆژین لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت: بۆ ئەوانەی هەواڵی من دەپرسن، ئایا مردووم یان زیندوو، ئێستا لە نیوەی دوومی مانگی ئابی 2023ـین و من لە ئەفریقام.

سەرۆکی پێشووی گرووپی ڤاگنەر لە گرتە ڤیدیۆکەدا کە تەنیا کەمتر لە 30 چرکە قسە دەکات، سەبارەت بەو کەسانەی گفتوگۆ لەبارەی لەناوبردنی ئەو دەکەن و ئەوانەی بەدوای نهێنییە تایبەتەکانی ژیانی ئەودا دەگەڕێن، گوتی: پێیان دەڵێم هەموو شتێک باشە.

تا ئێستا شوێن و کاتی تۆمارکردنی ڤیدیۆکە پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام جلوبەرگ و کڵاوەکەی پریگۆژین لەنێو ئەم ڤیدیۆیەدا، هەمان ئەو جلوبەرگ و کڵاوەیە کە لەنێو ڤیدیۆیەکی دیکەدا لە رۆژی 21ـی ئاب بڵاوکرایەوە و تێیدا رایگەیاند، لە ئەفریقایە.

ئەندامانی گرووپی ڤاگنەر بە سەرۆکایەتی، یەڤگینی پریگۆژین، رۆژی 24ی حوزەیرانی 2023، لە حکومەتی ڕووسیا یاخیبوون، ئۆکراینایان بەجێهێشت، چوونە نێو ناوچەی رۆستۆڤ لەسەر سنوور و لەوێوە بەرەو شاری مۆسکۆی پایتەخت پێشڕەوییان کرد؛ بەڵام دواتر بە نێوەندگیری ئەلێکساندەر لوکاشینکۆی سەرکۆماری بێلاڕووس، یاخیبوونەکە کۆتایی ھات و چەکدارانی گرووپی ڤاگنەر گواسترانەوە بۆ بێلاڕووس.

رۆژی 23 ئابی 2023، ئاژانسی ھەواڵیی تاسی رووسی بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی تایبەت لە ھەرێمی تڤێری باشووری رووسیا کەوتووەتە خوارەوە، لە ئاکامدا 10 کەس گیانیان لەدەستدا و لەنێویاندا یەڤگینی پریگۆژین، دامەزرێنەری گرووپی ڤاگنەری تێدایە.

رۆژی 29ـی ئابی 2023 پریگۆژین له‌ مه‌راسیمێكی تایبه‌تدا له‌ گۆڕستانی پرۆخۆڤسكۆی له‌ ده‌وروبه‌ری سانپیترسبێرگ لە رووسیا بەخاکسپێدرا.