سوپای تورکیا چەند ئامانجێکی پەکەکە لە چیاکانی قەندیل و ئاسۆس بۆردومان دەکات

شوێنەواری بۆردومانەکە
شوێنەواری بۆردومانەکە

K24 – هەولێر:

بەرەبانی ئەمڕۆ فڕۆکەکانی تورکیا زیاتر لە 20 ئامانجی پەکەکەیان لە ناوچەکانی هەردوو چیای قەندیل و ئاسۆس بۆردومانکرد و تائێستاش قەبارەی زیانەکان ئاشکرانەکراوە.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو بەهۆی بۆردومانی چەند ناوچەیەک لە چیاکانی قەندیل و ئاسۆس، ترس و دڵەڕاوکێ لەلایەن دانیشتووانی قەزای ماوەت و ناچەکە دروست بوو، بەڵام لەلایەن دەزگا فەرمییەکانی ناوچەکەوە هیچ زیانێکی گیانی تۆمارنەکراوە.

رۆژی هەینی (1ـی ئەیلوولی 2023) وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئامانجەکانی ئەو هێرشەی ئاشکراکرد و رایگەیاندووە، کاتژمێر 00:30ـی بەرەبەیانی رۆژی هەینی 22 ئەشکەوت، 4 پەناگە و دوو کۆگای چەکدارانی پەکەکەیان لە چیاکانی قەندیل و ئاسۆس لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانیانەوە بۆردومان کراوە.

وەزارەتی بەرگری تورکیا روونیکردووەتەوە، پێشتر بە وردی ئامانجەکانیان دیاریکردووە و هەوڵیانداوە لە پێکانی ئامانجەکاندا ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی ناوچەکە پارێزراوبن و ئەو چالاکییەش لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی سەربازی "چنگ – قفڵ" بووە کە توانیویانە زیانێکی زۆر بە چەکدارانی پەکەکە بگەیەنن.

هاوکات وەزارەتی بەرگری تورکیا جەختی لەسەر ئەوەش کردووەتەوە، "پاڵپشت بە ماددەی 51 لە پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەرگریکردن لە خۆی و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی، بەردەوامە لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە پەکەکە لەناو خاکی عێراق".

شەڕی پەكەكە و توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان تادێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە نزیکەی 800 گوند و چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون، کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.

چەندین ساڵ دەبێت بەسوودوەرگرتن لـە ئەزموونی ھەرێمی كوردستان، پەكەكە ناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستانی كردووەتە شوێنی ململانێكانی خۆی، بەمەش نائارامی و پشێویی دروستكردووە و بە سەدان گوند چۆڵكراون، جگە لەوەی كە زیانێكی زۆری گیانی و ماددی بەر هاووڵاتییانی سڤیل كەوتووە.

بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، تاوەكو ئێستا 274 گوند لە سنووری پارێزگای دھۆك بەھۆی شەڕەكەوە چۆڵكراون كە 250ـیان دەكەونە سنووری قەزای ئامێدی و 24 گوندیش دەكەونە سنووری قەزای ئاكرێ. ھەروەھا 47 گوند لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەھۆی پێكدادانەكانەوە چۆڵكراون.

ھەرچی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، 188 گوند بەھۆی شەڕی پەكەكە و توركیاوە چۆڵكراون، كە 104ـیان دەكەونە سنووری قەزای سیدەكان، 65 گوندیان لە قەزای مێرگەسوور و 15 گوندیش لە سنووری چۆمان و 4 گوندیش لە سنووری قەزای رواندز چۆڵكراون.

شەڕی پەکەکە زیانێكی زۆر بەر ناوچە گەشتیارییەكانیش گەیاندووە، لەوانە 25 ھاوینەھەوار لە زاخۆ بوونەتە ناوچەی شەڕ و زیانێكی زۆریان بەركەوتووە، ھەروەھا 10 ناوچەش كەوتوونەتە ژێر كاریگەری پێكدادانەكانەوە.

سوپای تورکیا لە (18ـی نیسانی 2022)، ئۆپراسیۆنێکی لە رێگەی وشکانی و ئاسمانیەوە بەناوی "چنگ-قوفڵ" بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە ناوچەکانی زاپ، مەتین و ئاڤاشین دەستپێکردووە و بەپێی داتاکانی وەزارەتی بەرگری تورکیاش نزیکەی 600 چەکداری پەکەکە و دەیان سەربازی تورکیا کوژراون.

لەلایەن خۆیەوە رۆژی (31ـی 8ـی 2023) زەکی ئاکتورک، راوێژکاری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاشکرایکرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەزار و 146 چەکداری پەکەکە کوژراون و لە 24ـی تەمموزی ساڵی 2015ـوە تا ئێستاش 38 هەزار و 489 چەکداری پەکەکە کوژراون، لە بەرامبەردا هەپەگەش

پێشتریش له‌ (16ـی حوزەیرانی 2020)ـەوە سوپای توركیا هاتە ناو خاكی عێراق و له‌ سنووری باتیفای سه‌ر به‌ قه‌زای زاخۆ ئۆپراسیۆنێكی به‌ ناوی "چنگی هه‌ڵۆ" دەستپێکرد و 20 بنكه‌ی سه‌ربازی داناوه‌ و به‌ قوڵایی 14 كیلۆمه‌تر و به‌ پانی 30 كیلۆمه‌تر ناوچه‌كه‌ی گرتووه‌.

هه‌روه‌ها له‌ (24ـی نیسانی 2021) سوپای توركیا ده‌ستی به هەڵمەتێکی سه‌ربازی كرد له‌ سنووری ناحیه‌ی كانی ماسی له‌ قه‌زای ئامێدی و ناوچه‌كه‌ی خستووه‌ته‌ چوارچێوه‌ی ئۆپراسیۆنی چنگی برووسكه‌ و نۆ بنكه‌ی سه‌ربازی داناوه‌ و به‌ قوڵایی شەش كیلۆمه‌تر و پانتایی 10 كیلۆمه‌تر له‌ ناوچه‌كه‌یه.

پێشتریش لە (28ـی ئایاری 2019) ئۆپراسیۆنی چنگی دژ بە بارەگاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و ناوچە سنوورییەکان ئەنجامدابوو.

هەروەها لە (9ـی ئۆکتۆبەری 2019)، ئۆپراسیۆنی کانیاوی ئاشتی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا دەستپێکرد و چەندین کیلۆمەتر سنووری ئەو وڵاتەی بەزاند.