ئاکرێ.. گرووپی کچانی شاخەوان راگەیەندرا

K24 – ئاکرێ:

بۆ جاری یەکەمە لە ئاکرێ گرووپێکی شاخەوانی کچان راگەیەندرا و ئەم گرووپە گەشت دەکەن بەناو چیاکانی کوردستان، بەهۆی گەشتەکەشیان هەم وەرزش ئەنجامدەدەن و هەم بە سروشتی کوردستان ئاشنا دەبن کە دەبێتە هۆی ئارامکردنی دڵ و دەروونیان.

کەیلان سەدیق، شێوەکار و بەشداربووی گرووپی شاخەوانییەکە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە کاتی گەشتەکەیاندا دیمەنی ئەو سرووشتە زۆر سەرەنجی راکێشا بۆیە بڕیاریدا وێنەکەی بکێشێت و بۆ ئەوەی بۆ یادگاری لەلای بمێنێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ئەحلام عەونی، سەرپەرشتیاری گرووپەکە گوتی: ئافرەتانی ئێمە دەروونییەن ئاسوودە نابن کە هەمیشە لە ماڵەوە بن، بۆیە ئێمە مەبەستمان بوو ئەوان دوور بکەینەوە لەو بێزارییەی ناوماڵ و لە رێگەی گەشتە شاخەوانیەکان هەوڵمانداوە دڵ و دەروونیان ئاسوودە بکەین.

هاوکات هێلان رزگار، بەشداربوویەکی گرووپەکە ئاماژەی بەوەدا، ئەم گەشتانە گرنگن بۆ ئافرەتان، کە ماوە ماوە بێنە دەرەوە لە ماڵ دڵ و دەروونی خۆیان لە رێگەی ئەم گەشتەوە ئارام بکەنەوە نەک تەنیا لەگەڵ ماڵەوەیاندا بن.

لەلایەن خۆیەوە، ئاسیا لقمان، بەشداربوویەکی دیکەی گرووپە شاخەوانییەکە بە کوردستان24ـی گوت: راستە گەشتکردن لەگەڵ ئەندامانی خێزان تاموچێژێکی زۆری هەیە، بەڵام ئەم کۆبوونەوە و ئەم چالاکییانە لەگەڵ هاوڕێیاندا ئارامی بۆ مرۆڤ دەهێنێتن و خۆشی پێ دەبەخشێت.

گرووپی کچانی شاخەوانی ئاکرێ کاتێ راگەیاندرا ئەوان بڕیاریانداوە کە چەند رۆژ جارێک گەشت ئەنجامبدەن و بۆ ئەوەی ئاشنای سرووشتی کوردستان ببن، هەم لەو رێگەیەوە وەزرشیش ئەنجامبدەن و هەم دڵ و دەروونیشیان ئارام بکەنەوە.