دژەتیرۆری کوردستان: لە هەولێر بۆمبێک تەقییەوە و هیچ زیانی گیانی لێنەکەوتەوە

شوێنی تەقینەوەکەی هەولێر - وێنە: دژەتیرۆری کوردستان
شوێنی تەقینەوەکەی هەولێر - وێنە: دژەتیرۆری کوردستان

K24 – هەولێر:

لە راگەیەندراوێکدا دژەتیرۆری کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، ئێوارەی ئەمڕۆ بۆمبێک لەسەر پردی پەڕینەوەی پیادەڕۆی شەقامی 60 مەتری شاری هەولێر تەقییەوە و هیچ زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 1ی ئەیلوولی 2023 کاتژمێر 18:29، لە شەقامی شەست مەتریی شاری هەولێر بۆمبێک لەسەر پردی پەڕینەوەی پیادەڕۆی نزیک مزگەوتی سپی تەقییەوە، جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە".

دژەتیرۆری کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە لێکۆڵینەوەکان لەو بارەوە بەردەوامیی دەبێت.

پێشتر کوردستان24 بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی (1ـی ئەیلوولی 2023) لەسەر شەقامی 60 مەتری هەولێر، دەنگێکی گەورە لەسەر پردێکی پەڕینەوەی هاووڵاتییان بیسترا و هەندێک زیانی بە پردەکە گەیاند بەڵام هیچ هاووڵاتییەک و ئۆتۆمبێلێک زیانی پێنەگەیشتووە.

بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بۆ سۆشیال میدیای کوردستان24 نێردراوە، هاووڵاتییان کە لە شوێنی رووداوەکە بوونە دەڵێن، دەنگێکی گەورەیان بیستووە بەڵام هیچ زیانێک بە پایە و رێگەی پردی پەڕینەوەکە نەکەوتووە و تەنیا بەشێک لە ریکلامە هەڵواسراوەکان و چەند پارچەیەک لە بنمیچی هەڵواسراوی پردەکە کەوتوونەتە خوارەوە.