لە کەرکووک زەمینەسازی بۆهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان نەکراوە

K24 – کەرکووک:

18ـی 12ـی ئەمساڵ بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەعێراق ئەنجام بدرێت، لە کەرکووک زەمینەسازی ئەو هەڵبژاردنە بۆ کورد نەکراوە و کێشە و بەربەست درووستدەکرێت، هاووڵاتییان و حزبە کوردستانییەکان پێیانوایە ئەو بارودۆخەی لەکەرکووک درووستکراوە بۆ ساردکردنەوەی دەنگدەری کوردە.

مونیر بەهائەدین، هاووڵاتی شاری کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، بۆ کورد لە کەرکووک هیچ بارودۆخێکی ئاسایی نییە، بۆچی رێگری لە کورد دەکەن و ساردی دەکەنەوە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئەترسن لەوەی کورد دەنگی زۆر بەدەست بهێنێت، ئەگەر ئەمە ترس نەبێت ئەی بۆچی خۆپیشاندان دەکەن لە پێش بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و شەقام و بازاڕیان وەستاندووە.

هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی رێبین رەمەزان، ئاماژەی بەوەدا، " چەندین ساڵە بەهۆی رێگری سیاسییەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا دواخرابوو، ئەمساڵ ئەم هەلە هاتە پێش و گوتمان بە باشی دەچین دەنگی خۆمان دەدەین و ناسنامەی خۆمان دەسەلمێنین، ئەو لایەنە هەڵدەبژێرین کە خۆمان دەمانەوێت و بە دڵمانە، بەڵام لەو چەند رۆژە ئەوەی بینیمان هەندێک رێگری هاتنە پێش کە دەبینی لایەنەکانی دیکە لە هەوڵی ئەوەدان کە خەڵک سارد بکەنەوە و بەجۆرێک لە جۆرەکان هەوڵبدەن کە خەڵک نەچێت بۆ دەنگدان بە تایبەتی هاووڵاتییانی کورد".

ئەوەی لە كەركووك روودەدات ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتەکانیان خراوەتە ژێر مەترسییەوە گرووپ و تاقمی جیاواز خۆیان لەحکومەت و دەسەڵات بە گەورەتر دەزانن و بەئاشکرا لەدژی یاسا و دەستوور وەستاونەتەوە، هەروەها هەڕەشەی بەرپاکردنی شەڕی مەزهەبی دەکەن.

فشارەکانی سەر کورد لە کەرکووک بەتایبەت کە ئێستا هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز لەپێشە رۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن، ئامانجیش لەو فشارانە بە بڕوای حزب و لایەنە سیاسییەکان ساردکردنەوەی دەنگدەری کوردە.

لەلایەن خۆیەوە، هەردی حوسێن، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت، ئەمە چاو سوورکردنەوەیە لە کورد، غەیرە کورد لە سەردەمی بەعسدا نەیدەتوانی لە کەرکووک بەو شێوەیە مامەڵە بکات، بەڵام ئەوەی ئیستا دەبینین غەیرە کورد هاتوونەتە ناو چەقی گەڕەکی کوردی و رێگەیان داخستووە وەکو تەحەدایەک بۆ کورد.

ناوبراو داواکاریشە لە سەرجەم حزبە کوردستانییەکان، هەڵوێستیان هەبێت و بەپەلە کۆبوونەوەیەک ئەنجامبدەن و نەهێڵن ئەم بارودۆخە بە خراپی بەسەر کوردا بشکێتەوە و پێکەوە ژیان لە شاری کەرکووک بخاتە ژێر پرسیارەوە.

18ـی کانونی یەکەمی ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دیاریکراوە و حزب و هاوپەیمانییەتییەکان کێبڕکێی بەدەستهێنانی زۆرترین کورسییەکانی ئەنجوومەن دەکەن ، بەرپرسانی پارتیش کە بەربەست لە بەردەم گەڕانەوەیان دروست دەکرێت پێیانوایە زۆرینەی کورسییەکان بەدەست دەهێنن.