ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: ئێران پیتاندن و پاشەکەوتکردنی یۆرانیۆمی خاوکردووەتەوە

ئاڵای ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم
ئاڵای ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم

K24 - هەولێر

دانوستانەکانی ئەم دواییەی ئێران و ئەمەریکا، کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران هەبووە. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەڵێت، پیتاندنی یۆرانیۆم و پاشەکەوتکردنی یۆرانیۆمی پیتێندراو لەلایەن ئێرانەوە، بە خێرایی رابردوو نەماوە و خاو بووەتەوە.

کاریگەریی دانوستانەکانی ئەم دواییەی ئێران و ئەمەریکا لە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و پڕۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆمیشدا دەرکەوتووە. ئاژانسی بلومبێرگ لەسەر زاری بەرپرسانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاندووە، پیتاندنی یۆرانیۆم و پاشەکەوتی یۆرانیۆمی پیتێندراو لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە خێرایی مانگەکانی پێشوو نییە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، چاوەدێرانی ئاژانسی نیودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کە خەریکی ئامادە کردنی ڕاپۆرتی وەرزانەی خۆیان بۆ ئەنجوومەنی لوتکەی ئاژانسن، پشتڕاستیان کردووەتەوە کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بە تایبەت لە بواری پیتاندنی یۆرانیۆمدا خاو بووەتەوە و خێراییی پاشەکەوتکردنی یۆرانیۆمی پیتێندراویش کەمبووەتەوە.

ئاژانسی بلومبێرگ ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم گۆرانکارییانە دەرئەنجامەی ڕێککەوتنی ناڕاستەوخۆ و ڕانەگەیەندراوی نێوان ئێران و ئەمەریکان.

 چەند سەرچاوەیەکی ئەمەریکی بە بلومبێرگیان راگەیاندووە، حکومەتی واشنتۆن بە کردەوە چەند مانگێکە گەمارۆکانی سەر ئێرانی کەمکردووەتەوە و لە بەرانبەریشدا تاران پیتاندنی یۆرانیۆمی خۆی کەم کردووەتەوە و ئامادەیی دەربریوە دانوستانەکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیش دەستپێبکاتەوە.

ئێلی گرانمایە، ئەندامای ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورو پا بە بلومبێرگی ڕاگەیاندووە، لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتووی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، چاوەڕێ دەکرێت گەڕێکی دیکەی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە نێوان واشنتۆن و تاراندا بێتە ئاراوە.

 ئێران و ئەمەریکا مانگی ڕابردوو بە نیوبژیوانی عوممان و قەتەر، لەسەر ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان و ئازادکردنی پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران ڕێک کەوتن.

هەر ئەوکات بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، ئەم ڕێککەوتنە، بەشێکە لە لێکتێگەیشتنێکی گەورەتر لە نێوان هەرددوو وڵاتدا کە سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران و پابەندبوونی ئێران بە هێرشنەکردن بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەش دەگرێتەوە.