وەزیری دەرەوەی تاڵیبان بەلێدوانەکانی ئێران توڕە دەکات

K24 - هەولێر

دیپلۆماتکارێکی دیاری ئێرانی ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی حکومەتی تاڵیبان، ئەمیر خان موتەقی، دوای ئەوەی رەخنەی لە تاران گرت لەسەر بانگەوازەکەی بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی گشتگیر لە ئەفغانستان.

ئەمیر خان موتەقی لە وتارێکدا لەبەردەم کۆمەڵێک زانای ئایینی و کەسایەتییە دیارەکانی ئەفغانستان رەخنەی لە بەرپرسانی ئێران گرت و گوتی: "ئێوەن کە ئامۆژگاریمان دەکەن و هەمیشە حکومەتێکی گشتگیرمان بیردەخەنەوە، ئایا حکومەتێکی گشتگیر لە وڵاتی خۆتان هەیە؟، ئایا مافی هاووڵاتیانتان دەبەخشن؟".

رەخنەکانی موتەقی چەند رۆژێک دوای ئەوە هات کە پێشوازیان لە شاندێکی پەرلەمانی ئێران بە سەرۆکایەتی جەواد کەریمی قودوسی، پەرلەمانتاری توندڕەو کردبوو، کە موتەقی رووی لە ئێرانییەکان کرد و گوتی: "هێندەی لەسێدارەدانەکانی ئێوە، ئێمە زیندانمان لە زیندانەکاندا نیە" ئاماژەی بەوەشکرد: هەزاران کەس لە وڵاتەکەتدا بێسەروشوێن دەبن و کەس ناوێرێت بپرسێت لە کوێن؟، رەسووڵ موسەوی، سەرۆکی فەرمانگەی باشووری ئاسیا و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران، گرتەیەکی ڤیدیۆیی لێدوانەکانی ئەو بەرپرسەی حکومەتی تاڵیبانی لەسەر پلاتفۆرمی X بڵاوکردەوە.

لە وەڵامی ئەمیر خان موتەقیدا، موسەوی رایگەیاند، "ناتوانرێت خۆی لە بەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتییەکان هەڵبێت، بە کردنی پرسی دوولایەنە و کەسی"، ئاماژەی بەوەشکرد "ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایش و گەشەپێدان پەیوەستە بە سەقامگیری حکومەتێکی گشتگیر لە ئەفغانستان".

دەشڵێت: حکومەتی هەمەلایەنە لە ئەفغانستان لە دوو بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا پێشنیار کراوە، 2513 و 2593، و بەهرەمەندە لە کۆدەنگی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان لە پاکستان، ئێران، چین و ئۆزبەکستان.

ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی نێوان تاڵیبان و تاران، لە چەند مانگی رابردوودا سەری هەڵدا، ئەمەش لە دوای داواکارییەکانی ئێران بۆ زیادکردنی پشکی خۆی لە ئاوەکانی رووباری هێلمەند، هەروەها گرژیی نێوان هەردوولا گەیشتە ئاستی رووبەڕووبوونەوەی چەکداری.