لەسەر کوشتنی فەڵەستیینیەکان کێشەی دیپلۆماسی دەکەوێتە نێوان بەلجیکا و ئیسرائیل

وەزیری هاریکاری و گەشەپێدانی بەلجیکا کارۆلین گینز
وەزیری هاریکاری و گەشەپێدانی بەلجیکا کارۆلین گینز

K24 - هەولێر

بەگوێرەی میدیاکانی بەلجیکا، لێدوانەکانی وەزیری هاریکاری و گەشەپێدانی بەلجیکا کارۆلین گینز سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل دژی فەڵەستینییەکان، بووە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی دیپلۆماسی لەگەڵ تەل ئەبیبدا، لە کاتێکدا ئەم قسانە لەلایەن فەڵەستینییەکانەوە پێشوازی لێکرا.

وەزیری هاریکاری و گەشەپێدانی بەلجیکا کارۆلین گینز، بە رۆژنامەی دێ مۆرگانی گوت: کوشتنی منداڵانی فەڵەستینی و سڕینەوەی تەواوی گوندەکان لەسەر نەخشە و وێرانکردنی قوتابخانە و ئەو گەڕەکانەی کە یەکێتی ئەوروپا پارەی بۆ دابین دەکات، لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە ئیدانە دەکەم.

بەگوێرەی ماڵپەڕی ڕۆژنامەی "HLN"ی بەلجیکی، وەزیرەکەی بەلجیکا سوورە لەسەر ئەو قسانەی، کە بووە هۆی کێشەی دیپلۆماسی لەنێوان وڵاتەکەی و ئیسرائیلدا.

گوتیشی: "بەلجیکا پشتیوانی لە چارەسەری دوو وڵات دەکات لەسەر کێشەی ئیسرائیل و فەڵەستین، ئەگەر دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە هەر شوێنێکی جیهاندا لەژێر فشاردا بن، ئەوا ئێمە دژی دەبین".

گینس لە لێدوانەکانیدا کە بە چەند زمانێک بڵاوی کردەوە و رایگەیاند، بەداخەوە ساڵی 2023 کوشندەترین ساڵ بووە لە ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکاندا، کە 218 فەڵەستینی کوژراون، کە 34 لە کوژراوەکان منداڵن، لەبەرامبەردا 28 ئیسرائیلی کوژران.

ئاماژەی بەوەشکرد، "لەم چەند مانگەی دواییدا وێرانکردنی ژێرخانی فەڵەستینیشمان بینیوە، ئەمەش تەواوی کۆمەڵگاکانی لە گوندەکانیان دوورخستەوە و زۆرجار تێچوونی ئەم ژێرخانە بە هاوبەشی لە رێگەی پشتیوانی نێودەوڵەتییەوە دابین دەکرێت".

دەشڵێت: "بەردەوام دەبم لە سەرکۆنەکردنی ئەمە، لەبەر ڕێزگرتن لە هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەروەها گفتوگۆیەکی جددی لەگەڵ باڵیۆزی ئیسرائیل لەسەر ئەم بابەتە بڕیارە لە 7 ی مانگی 9 دا ئەنجام بدرێت".

وەزارەتی دەرەوەی فەڵەستین و کۆچبەران لە بەیاننامەیەکدا پێشوازییان لە لێدوانەکانی وەزیری بەلجیکا کرد و پێیان وابوو ئەم لێدوانانە بە تەواوی لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی شەرعییەتی نێودەوڵەتیدا هاوسەنگن و پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەت و بنەماکانی مافی مرۆڤ دەکەن وەک وەزیری بەلجیکا ئاماژەی پێکردووە.

رۆژی هەینی تەل ئەبیب باڵیۆزی بەلجیکا ژان لوک بودسۆنی لەسەر لێدوانەکانی وەزیرەکەیان بانگهێشت کرد، بۆ ئەوەی بە توندی ئیدانەی ئەو لێدوانەی کارۆلین گینز بکات.

باڵیۆزی ئیسرائیل لە بڕۆکسل ئێدیت ڕۆزنسویگ- لە پلاتفۆرمی X رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ناڕەزایی خۆی بەرامبەر باڵیۆزی بەلجیکا دەربڕیوە و داوای روونکردنەوەی کردووە سەبارەت بە لێدوانەکانی وەزیرەکەی بەلجیکا.