پەرلەمانتارێک: حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم هەفتەیەدا کارتی کارگێڕی لە دژی بەغدا بەکاردەهێنێت

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق پێشبینی دەکات لەم هەفتەیەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆران و فەرمانبەران، پەنا بباتە بەر کارتی کارگێڕی بە مەبەستی ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق كێشەی ناردنی شایستە داراییەکان چارەسەر بکات.

سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق؛ ئەمڕۆ شەممە، 2ـی ئەیلوولی 2023، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەر و مووچەخۆران، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی لە یاسای بودجەدا جێبەجێکردوون، ئەگەر چی یاساکە بە رێککەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا پەسندنەکراوە و بەسەرماندا سەپێندراوە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، حکومەتی فیدراڵی پابەندی یاساکە نەبووە و رێککەوتنەکانی پێشێلکردووە".

لەبارەی ئەوەی ئەگەر بەغدا بەردەوام بوو لە پێشێلکردنی رێککەوتنەکان و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی نەنارد، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت چی بکات؟ سیپان شێروانی گوتی: "رێگەی یاسایی، کارگێڕی و سیاسی و زۆر رێگەی دیکە لەبەردەماندا هەن بۆ ئەوەی لە دژی حکومەتی فیدراڵی بیانگرینەبەر. پێچەوانەی ئەوەی خەڵک بانگەشەی بۆ دەکات، گوایە بۆ ئەم قۆناغە هیچ کارتێک لە دەستی پارتی یان حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نەماوە".

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، کارتی کارگێڕی، یەکەم کارتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت و  پێشبینی دەکات، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا لە دژی بەغدا بەکاریبهێنێت. دەشڵێت: "بەپێی بڕگەی حەوتی ماددەی 13ـی یاسای بودجە، ئەگەر هەولێر و بەغدا لەبارەی ناردنی شایستە داراییەکان یان هەر پرسێکی دیکە نەگەیشتنە رێککەوتن، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ماوەی 15 رۆژدا بڕیاری پێویست لەبارەی بڕیارەکەوە دەدات و کێشەکە یەکلایی دەکاتەوە".

ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی پێیوایە سوودانی لە بەرژوەندیی کوردا بڕیار دەدات و دەڵێت، "لەو بڕوایەدام محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق یاسا سەروەر دەکات، دەستوور جێبەجێ دەکات و ئەو بڕیارەی کە پێویستە، دەریدەکات".

کارتی یاسایی وەکو ئەوەی سیپان شێروانی باسی کرد، دووەم کارتە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە دژی بەغدا بەکاریبهێنێت و ئاماژە بەوە دەدات، "سەرەڕای هەموو تێبینییانەی لەسەر دادگای فیدراڵی هەمانن، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت کارتی یاسایی بەکاربهێنێت و لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆماربکات بۆ ئەوەی کێشەکە یەکلاییبکرێتەوە، هەرچەندە گومانی زۆرمان لە بڕیارەکانی دادگاکە هەن".

بە گوتەی ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، کارتی سێیەمی دەستی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، کارتی سیاسییە و جەختیش لەوە دەکاتەوە، "بڕیارە سیاسییەکە لەلایەن سەرکردایەتی کورد و سەرۆک بارزانییەوە دەدرێت، کارتێکی زۆر بەهێزە و کاریگەریی زۆری دەبێت".

سیپان شێروانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتیشی: "زۆر جار دەگوترێت، ئایا هەولێر و بەغدا رێککەوتوون یان نا؟ رێککەوتن لە مێژەیە کراوە. لەبارەی پرسی نەوت، رۆژی 4ـی نیسانی ئەمساڵ هەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان رێککەوتنیان واژووکردووە و لەبارەی وردەکارییەکانی ناردنی شایستە دارییەکانیش، رۆژی 27ـی تەممووز، هەردوو شاندی بەغدا و هەولێر رێککەوتوون؛ بەڵام بەهۆی ئەوەی عێراق، وڵاتێکی دامەزراوەیی، یاسایی و دەستووری نییە رێککەوتنەکان جێبەجێناکرێن".

ئەندام پەرلەمانەکەی پارتی هۆشداری دەداتە لایەنە سیاسییەکانی عێراق و ئەوە دەخاتەڕوو: "ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەی ئێستای عێراق کە نیازیان هەیە یان خەون بەوەوە دەبینن قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناو ببەن، زۆر لە رژێمی پێشووی عێراق لاوازترن کە لە ساڵی نوەدەکان کاری بۆ لەناوبردنی کوردی دەکرد و دواتر ناچاربوو، دەست بە دانوستاندن لەگەڵ کورد بکات".

ئاماژەی بەوەش کرد: "بە درێژایی 100 ساڵی رابردوو، هەرکاتێک عێراق بێهێز بووە، داوای هاوکاری لە کورد کردووە و پێی گوتوون 'مافە دەستوورییەکانتان پێ دەدەین و هەرچی بتانەوێت بۆتان ئەنجام دەدەین' بەڵام کاتێک بەهێزبووە، شەڕی کوردی کردووە و کاری بۆ لەناوبردنیی کردووە؛ ئەم عەقڵییەتە تا ئێستاش هەر ماوە".