بەختیار تاڵەبانی: لە 16ـی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا زوڵم لە خەڵکی کەرکووک دەکرێت

بەختیار تاڵەبانی، چاودێری سیاسی
بەختیار تاڵەبانی، چاودێری سیاسی

K24 – هەولێر:

چاودێرێکی سیاسی رایدەگەیەنێت، خەڵکی کەرکووک لە 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە تا ئێستا هەست بە نامۆ بوون دەکات لەو شارە بەهۆی ئەوەی بەردەوام زوڵمیان لێدەکرێت، هاوکات گوتیشی: گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک واتە گەڕانەوەی کورد و پێشمەرگە بۆ کەرکووک.

بەختیار تاڵەبانی، چاودێری سیاسی، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم شەهیدانەی ئەمڕۆی کەرکووک ناودەنێم شەهیدی گێڕانەوەی شکۆ و سەروەری بۆ خەڵکی کورد، هەروەها شەهیدی کورد و خۆنەچەماندن بوون لە کەرکووک.

ئاماژەی بەوەشدا، خەڵکی کەرکووک لە 16ـی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا هەست بە نامۆ بوون لەو شارە دەکات، توڕەیی خۆی پەنگی خواردووەتەوە و تا ئەمڕۆی لێکەوتەوە.

هاوکات راشیگەیاند، باڵەخانەی پێشووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گەرمیانی پارتی، کە ئێستا باڵەخانەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانە لە کەرکووک پێیانوایە ئەم باڵەخانەیە دروشمی شکانی کوردە و نابێت رادەستی کورد بکرێتەوە، ئەوان دەزانن ئەگەر ئەم باڵەخانەیە رادەستی کورد بکرێتەوە ئاڵای کوردستانی لەسەر هەڵدەدرێت گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک واتە گەڕانەوەی شکۆی کوردان لە کەرکووک.

ئەو چاودێرە سیاسییە روونیکردەوە، شەش ساڵە خەڵکی کەرکووک بە ناچاری ئەم دۆخەی قبوڵکردووە، بەهۆی ئەوەی شەش ساڵە سەرباز و هێزە ئەمنییەکان کەرکووکیان داگیرکردووە، هاوکات بەهۆی داخستنی رێگەی کەرکووک – هەولێر بەرژەوندی خەڵکی کەرکووک کەوتبووە مەترسییەوە، ئەم خۆپیشاندانەی ئەمڕۆش مافێکی یاسیایی خۆیانە کە ئیدی ئەم زوڵمە قبوڵ نەکەن.

بەختیار تاڵەبانی، گوتی: دوو لایەنی سیاسی لە کوردستان لەبری ئەوەی بێن هاوکاری خەڵک بکەن و دەست لەناو دەست بنێن بۆ ئەوەی ئەم دۆخە چاک بکەنەوە، کەچی دێن باسی ئەوە دەکەن ئەوە روودەدات لە کەرکووک  سیاناریۆیە، لەبری ئەوەی پشتگیری کورد بکەن، کەچی پشتگیری لایەنە عەرەبییەکان دەکەن.

گوتیشی: کاتێکی راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە هەمان رۆژی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـم بیر دێتەوە کاتێک رووماڵی پێشڕەواییەکانی حەشد و سووپای عێراقیان دەکرد بەرەو هەولێر.

جەختیشی لەوەکردەوە، پێویستە ئەمشەو سەرکردایەتی سیاسی کورد بڕیاری خۆی بدات، بەچاوی خۆیان دەبینن رۆڵەیان لەو شارە شەهید دەبێت، دەبێت یەک دەستبن و بڕیارێکی چارەنووسساز بدەن لەپێناو بەرژەوەندی کوردانی کەرکووک.

دوای ئەوەی رۆژی (28ـی ئابی 2023)، لایەنگرانی حەشدی شەعبی دژی رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، رێگای کەرکووک - هەولێریان داخست و بوونەهۆی دروستکردنی ئاستەنگی بۆ شۆفێران و هاووڵاتییان، هەروەها هه‌ردوو رێگه‌ی چوون و هاتنی نێوان هه‌ولێر و كه‌ركووكیان داخستوو ‌و خێوه‌تیان هه‌ڵدا و ئاسته‌نگیان بۆ هاتووچۆی شۆفێرانیش دروستكرد، لەبەرامبەردا ئەمڕۆ شەممە (2ـی ئەیلوولی 2023)، هاووڵاتییانی کورد بە تایبەت دانیشتووی گەڕەکەکانی شۆراو و رەحیماوە لە کەرکووک، خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە داوای کرانەوەی رێگەکە دەکەن.

له‌ 16ـی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017، هێزێكی كوردی به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی، شاری كه‌ركووكی راده‌ست كرده‌وه‌، له‌وكاته‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ته‌واوی باره‌گاكانی له‌و شاره‌ چۆڵكرد و به‌ شارێكی داگیركراوی وه‌سفكرد، ئێستاش دوای پێكهێنانی حكومه‌ته‌كه‌ی سوودانی و رێككه‌وتنی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت، پارتی دەیەوێت بارەگاکانی خۆی بە فەرمی لە كه‌ركووك بکاتەوە.