عیرفان کەرکووکی: هەندێک لایەن بۆ موزایەدەی سیاسی هەستان بە تێکدانی دۆخی کەرکووک

عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی
عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، رایگەیاند، دەستێکی رەش دەیەوێت پێکەوە ژیان لە کەرکووک تێکبدات، هەروەها هەندێک لایەن بۆ موزایەدەی سیاسی هەستان بە تێکدانی بارودۆخی کەرکووک، هاوکات دەشڵێت: پشتگیری لە پەیامی سەرۆک بارزانی و  سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەین.

عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ماوەی پێنج رۆژە گێرەشێوێنەکان هاتوونەتە رێگەی کەرکووک - هەولێر لەبەردەم بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گەرمیانی پارتی خیوەتیان هەڵداوە و خەڵکانیكی نامۆنە هاتوونە پشێوی دروسستبکەن و هاتوونە پێکەوەژیان لە کەرکووک تێکبدەن.

سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، ئاماژەی بەوەشدا، هەندێک لایەن بۆ موزایەدەی سیاسی هەستان بە تێکدانی بارودۆخی کەرکووک، چونکە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان دەترسن و دەزانن کە جارێکی دیکە ناتوانن بێنەوە گۆڕەپانی سیاسی و دەنگ ناهێنن.

هاوکات دەشڵێت: دەستێکی رەش دەیەوێت پێکەوەژیان لە کەرکووک تێکبدات.

عیرفان کەرکووکی، گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان شایستەی ئەوەیە کە بارەگاکانی خۆی لە کەرکووک وەربگرێتەوە، و هەروەها ئێمە وەک گەلی تورکمان پشتگیری لە پەیامی سەرۆک بارزانی و  سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەین.

گوتیشی: میللەتی تورکمان لە کەرکووک لەگەڵ ئەوەدا نییە کە برا کوردەکانی ستەمیان لی بکرێت، بەڵام هەندێک لایەن بەناوی تورکمان لێدوان دەدەن و پشێوی دروستدەکەن، تورکمان بێ بەرییە لەو لێدوانە توندانە.

دوای ئەوەی رۆژی (28ـی ئابی 2023)، لایەنگرانی حەشدی شەعبی دژی رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، رێگای کەرکووک - هەولێریان داخست و بوونەهۆی دروستکردنی ئاستەنگی بۆ شۆفێران و هاووڵاتییان، هەروەها هه‌ردوو رێگه‌ی چوون و هاتنی نێوان هه‌ولێر و كه‌ركووكیان داخستوو ‌و خێوه‌تیان هه‌ڵدا و ئاسته‌نگیان بۆ هاتووچۆی شۆفێرانیش دروستكرد، لەبەرامبەردا ئەمڕۆ شەممە (2ـی ئەیلوولی 2023)، هاووڵاتییانی کورد بە تایبەت دانیشتووی گەڕەکەکانی شۆراو و رەحیماوە لە کەرکووک، خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە داوای کرانەوەی رێگەکە دەکەن.

له‌ 16ـی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017، هێزێكی كوردی به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی، شاری كه‌ركووكی راده‌ست كرده‌وه‌، له‌وكاته‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ته‌واوی باره‌گاكانی له‌و شاره‌ چۆڵكرد و به‌ شارێكی داگیركراوی وه‌سفكرد، ئێستاش دوای پێكهێنانی حكومه‌ته‌كه‌ی سوودانی و رێككه‌وتنی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت، پارتی دەیەوێت بارەگاکانی خۆی بە فەرمی لە كه‌ركووك بکاتەوە.