حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی مووچە روونکردنەوە دەدات

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانی دەبێت لەبارەی پرسی مووچە و بودجە و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا

ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2023، پێشەوا هەورامی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "کاتژمێر 12:15ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانی دەبێت لەبارەی پرسی مووچە و بودجە و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا".

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە 3ـی ئەیلوولی 2023، شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕی 500 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.

بەگوێرەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەو بڕە پارەیە بەشێوەی "قەرز" بۆ ماوەی سێ مانگ رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت تا یەکلاییکردنەوەی گفتوگۆکانی تایبەت بە چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

لەلایەن خۆیەوە ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە یاسای بودجە، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بە تەواوی رەوانە دەکرێت.

رۆژی دووشەممە 7ـی ئابی 2023، رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی کە وەزارەتی دادی عێراق دەری دەکات، رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراقی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەپێی رێنماییەکان، دەبێت ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023 – 2024 - 2025) بکرێت.

رۆژی 12ـی 6ـی 2023، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسەندکرد و دوای سڕینەوەی چوار ماددە و زیادکردنی چەند ماددەیەک، ژمارەیەک پێشنیازیشی بۆ پرۆژەیاساکە زیادکرد.