ئاگر له‌ كارگه‌یه‌كی غاز له‌ نزیك مه‌زاری ئیمام حوسێن كه‌وته‌وه‌

s
s

K24 – هەولێر:

لە کارگەیەکی پڕکردنەوەی غاز لە نزیک مەزاری ئیمام حوسێن لە کەربەلا  ئاگر کەوتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە (4ـی ئەیلوولی 2023)، لەمیانی بەرێوەچوونی مەراسیمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن لە شاری کەربەلا، ئاگر لە کارگەیەکی پڕکردنەوەی غاز کەوتەوە، تاکو ئێستا هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکە ئاشکرا نەکراوە.

کەوتنەوەی ئاگرەکە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر سەردانیکەرانی شیعە مەزهەب سەردانی شارەکەیان کردووە بە مەبەستی بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن.

رۆژی شەممە، (2ـی ئەیلولی 2023)، عەدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە سێ ملیۆن و نیو زیارەتکاری بیانی هاتوونەتە ناو خاکی عێراق بۆ مەراسیمی چلەی ئیمام حوسێن لەکەربەلا، ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ ماجید وائیلی، پارێزگای نەجەف گفتوگۆمان لەسەر پلانە ئەمنییەکان کرد لەرۆژانی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە.

شەمەری داوای لە سەرکردە ئەمنییەکان کرد، کە بە تەواوی خۆیان ئامادە بکەن بۆ گەشتی پێچەوانەی گەشتیاران و دەشڵێت: جیهان سەیری ئەم سەردانە ملیۆنیانە دەکات و پێویستە زاڵ بین بەسەر ئاستەنگەکاندا بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بین.

فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئێران ئەحمەد رەزا رادان رایگەیاند، سێ ملیۆن ئێرانی سەردانی عێراقیان کردووە بۆ ئەنجامدانی مەراسیمی سەردانیکردنی ئیمام حوسێن لە شاری کەربەلا.

ئاژانسی هەواڵی "فارس" لە زاری بەرپرسێکی ئاسایشی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، کە تا ئێستا یەک ملیۆن زیارەتکار گەڕاونەتەوە بۆ ئێران.