کاوە مەحموود: ئەوەی بەغدا دەیکات مامەڵەیەکی دەستووری نییە و سیاسییە

کاوە مەحموود، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان
کاوە مەحموود، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان

K24 – هەولێر:

مامەڵەی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان، حزبە سیاسییە کوردستانییەکانی نیگەرانکردووە و سكرتێری حزبی شیوعیش دەڵیت، ئەوەی بەغدا دەیکات مامەڵەیەکی دەستووری نییە و سیاسییە، لەلایان خۆیەوە، سکرتێری گشتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، رایدەگەیەنێت، بەغدا ئامانجییەتی سەرچاوەی داهاتی هەرێمی کوردستان وشک بکات.

بڕیاروابوو ئەمجارە حکومەتی عێراق پابەندی دەستووربن، بەڵام وەک دەگوترێ خووی شیری تا پیری، بەرپرسانی عێراق جارێکی دیکە تەرکی خووەکەی خۆیان نەکرد و نەک هەر دەستوور ئەمجارە پێشێلی بڕگە ماددەکانی یاسای بوودجەش دەکەن.

لەمبارەیەوە، کاوە مەحموود، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەوەی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان کراوە مامەڵەیەکی دەستووری نییە و تەواو سیاسییە و حاڵەتێکی چاوەڕوانکراوە، چونکە ئەو خولیایە و ئەو هەوڵەی کە لە بەغدا هەیە بەرەو بنیاتنانی فیدراڵی ناڕوات، بەڵکو بەرەو فەرزکردنی دەوڵەتی مەرکەزی رەها دەڕوات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی سەبارەت بە یاسای بوودجە جێبەجێ کردووە، بەڵام تا ئێستا بەغدا تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە، مانگی ئەیلوولە و هێشتا مووچەی مانگی تەمووزی نەناردووە، بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێری گشتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت، بەغدا دەیەوێت سەرچاوەی داهاتی هەرێمی کوردستان وشک بکات، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە یەک ریزییەوە بەرپەرچی ئەو تەوژمە سیاسییەی بەغدا بدەنەوە.

گوتیشی: بەغدا دەیەوێت سەرچاوەکانی داهاتی خۆمان بەدەستی خۆمان نەبێت، بەغدا دەیەوێت سەرلەنوێ ئێمە ببینەوە فەرمانبەری ژێردەستی خۆی، کە ئەمەش پێشێلکارییەکی گەورەی دەستوورە.

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام ئاماژە بەوەدەکات، هەموو بیانوویەکانی بەغدایان بڕیوە، بەڵام لە بەرامبەردا بەغدا بەردەوامە لە بچووکردنە و لاوازکردنی قەبارەی هەرێمی کوردستان، ئێستا چارەسەر بەلای زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان ئەوەیە، لەناوخۆدا بە یەکگرتوویی رووبەڕووی ئەو تەوژمە سیاسییەی بەغدا ببنەوە، بۆ پارێگاریکردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەممە (4ـی ئەیلوولی 2023) تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا هەڵوێستی خۆیان لەبارەی مووچە و بودجە خستەڕوو.

پێشەوا هەورامانی لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکەم دانووستانیەوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوام هەوڵیداوە حکومەتی عێراقی پابەند بێت بەو رێککەوتنانەی کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوویەتی، دەشڵێت: ئەوەی پابەند نەبووە بە رێککەوتنەکان، حکومەتی عێراقە.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە ئامادەیی حکومەتی هەرێم کردووە بۆ هەموو دانووستانێک لەگەڵ بەغدا. گوتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نییەتێکی پاک و بە ئارامی و پشوو درێژییەوە دەچێتە دانووستانەکان، بەڵام نازانین ئەم ئارامی و پشوو درێژییە تا کەی بەردەوام دەبێت.

لەلایەن خۆیەوە، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، یاسای بودجەی عێراق بۆ تۆڵەکردنەوە ل ەمافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان نووسراوە.

سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی، کاری لەپێشینەی ئەوان، زامنکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بووە لە هەموو گفتوگۆکاندا، بەڵام حکومەتی عێراق تا ئێستا نەچووەتە ژێر باری ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە مافێکی دەستووریە بینێرێت.