بڵاوبوونەوەی وەسیەتێکی یاس خدر لە سۆشیاڵ میدیا هەرای نایەوە

یاس خدر
یاس خدر

K24 - هەولێر

هەواڵێک لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبوویەوە و بانگەشەی ئەوەی کردووە، کە هونەرمەند یاس خدر پێش مردنی، داوای لە خەڵک کردووە دوای تەوبەکردنی گوێ لە گۆرانییەکانی نەگرن.

بەڵام گروپی "تەکنۆلۆژیا بۆ ئاشتی" کە تایبەتمەندە لە دۆزینەوەی هەواڵی ساختە، پشتڕاستی کردەوە، کە ئەو هەواڵەی بڵاوبووەتەوە هەڵبەستراو و نادروستە، بەو پێیەی هیچ ڤیدیۆ کلیپێک یان چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانی نییە کە هونەرمەندی کۆچکردوو "یاس خدر" تێیدا دەرکەوتبێت و ئەوداوایەی لەخەڵک کردبێت کە گوێ لەگۆرانییەکانی رانەگرن، چونکە ئەمە لەکاتێکدابووە ئەو لە نەخۆشخانە بووە لە رۆژانی کۆتایی تەمەنیدا پێش مردنەکەی.

هەروەها بنەماڵەی ئەو هونەرمەندە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، باسیان لە دوا ساتەکانی ژیانی کرد لەناو نەخۆشخانەی شاری پزیشکی لە بەغدای پایتەخت و گوتیان: یاس خدر ئاواتی ئەوە بووە کە دۆخی عێراق سەقامگیر بێت، هەروەها ئەو هەواڵەیان رەتکردەوە کە لەبارەی دوا وەسیەتنامەکەیەوە بڵاوبووەتەوە.

ئەو هونەرمەندە دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی لەتەمەنی 85 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، سەندیکای هونەرمەندانی عێراقیش لە 2ـی ئەیلولی 2023 ماتەمینی کۆچی دوایی راگەیاند، سەندیکاکە لە بارەگاکەی لە شەقامی ئەلڕەشید لە بەغدای پایتەخت مەراسیمی پرسەکەی سازکرد.

یاس خدرعەلی ئەلقەزوینی ئەلحوسێنی، گۆرانیبێژی عێراقی، لە ساڵی 1938 لە شاری نەجەف لەدایک بووە، بە یەکێک لە گۆرانیبێژە دیارەکانی نەوەی حەفتاکانی سەدەی رابردووی عێراق دادەنرێت.

یاس خدر لە سەرەتای ناسینی ئاوازدانەر محمد جەواد عومری دەستی بە کاری هونەری کرد و ئەم دیدارەش لە ئەنجامی بەرهەمهێنانی گۆرانی "الهدل" بوو، کە لەو سەردەمەدا لە ڕادیۆی هێزە چەکدارەکانەوە پەخش دەکرا، ئەم گۆرانیەش سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، تا ئەو رادەیەی کە لەو کاتەدا پێی دەگوترا "موتریب ئەلهەدەل"، ئەمەش بوو بە ناوی نوێی یاس خدر.