بە فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەڕێوەبەرایەتییەکی نوێ لە پارێزگای هەڵەبجە دەکرێتەوە

شاری هەڵەبجە
شاری هەڵەبجە

K24 – هەولێر:

بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی رێگاوبان، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە پارێزگای هەڵەبجە دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (5ـی ئەیلوولی 2023)، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بە فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی رێگاوبان، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە پارێزگای هەڵەبجە دەکرێتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ئاماژەی بەوەشکردووە، کردنەوەی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە نوێیە، بە مەبەستی سەرپەرشتیکردن و بەدواداچوونی پڕۆژەکانی رێگاوبان، ئاوەدانکردنەوە، نیشتەجێکردن و گەیاندنی خزمەتگوزارییە بۆ هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە.

پارێزگای ھەڵەبجە یەکێکە لە پارێزگاکانی کوردستان و عێراق، ئەم پارێزگایە لە 13ی ئاداری 2014ـدا و سێ ڕۆژ بەر لەیادی کیمیابارانی ھەڵەبجە بڕیاری بەپارێزگاکردنی بەفەرمی لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە راگەیەندرا و بەمەش بووە چوارەمین پارێزگای ھەرێمی کوردستان.

دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی 1920 ھەڵەبجە، وەک قەزایەکی ناودار سنوورێکی گەورەی ھەبووە، رووبەرەکەی 5000 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، نزیکەی 375 دێی ھەبووە. ناوچەی دەربەندیخان سەربەناحیەی وارماوە بووە، وارماوەش سەر بەقەزای ھەڵەبجە بووە، واتە ھەڵەبجە لەگەڵ ناحیەی سەنگاودا ھاوسنوور بووە ناحیەی (پێنجوین)یش سەر بەھەڵەبجە بووە، دوای ھاتنی سەردەمی کۆماری ساڵی 1959 کرایە قەزاو جیابۆوە. پارێزگای ھەڵەبجە لەڕووی ئیدارییەوە لەساڵەکانی 1950 بریتی بووە لە ناحییەکانی سیروان، شارەزوور، پێنجوێن، خورماڵ و وارماوا. لە ساڵی 1977 جگە لە مەرکەزی قەزاو ناحییەکان پاش جیاکردنەوەی قەزای دەربەندیخان و پێنجوین لێی، ژمارەی گوندەکانی سەر بە ھەڵەبجە 216 بووە گوند، بەڵام لەسەرژمێری گشتی ساڵی 1987 لەکۆی 216 دێ پاش کاولکرد ن‌و راگواستنی تەنیا 18 دێ لەسەرانسەری پارێزگاکە مایەوە.