محەممەد عومەر: دادگای فیدراڵی ئامرازێکە بۆ جێبەجێکردنی مەبەستەکانی حکومەتی عێراق دژ بە هەرێمی کوردستان

محەممەد عومەر، پسپۆڕی یاسایی و دەستووری
محەممەد عومەر، پسپۆڕی یاسایی و دەستووری

K24 – هەولێر:

پسپۆرێکی یاسایی و دەستووری دەڵێت، دادگای فیدراڵی هەموو بڕیارەکانی دژی هەرێمی کوردستانە و هەموو بڕیارەکانیشی سیاسییە و دەستووری نییە، هاوکات گوتیشی: تا دادگای فیدڕاڵی مابێت هەرێمی کوردستان خێر لەخۆی نابینێت.

محەممەد عومەر، پسپۆڕی یاسایی و دەستووری، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان سیاسییە و پێچەوانەی سیستەمی دەستوور و سیستەمی فیدراڵییە.

هەروەها راشیگەیاند، مەبەست لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لاوازکردنی ئەزموونی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، هاوکات حکومەتی فیدراڵیش بە پێچەوانەی دەستوور بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان کاردەکات و هاوکات دەیانەوێت، وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن نەک وەک هەرێمێک کە ئەمەش پێچەوانەی دەستووری فیدراڵییە.

ئەو پسپۆڕی یاسایی و دەستوورییە، ئاماژەی بەوەشدا، دادگای فیدراڵی ئامرازێکە بەدەست حکومەتی ناوەند بۆ جێبەجێکردنی مەبەستەکانی دژ بە هەرێمی کوردستان. باسی لەوەشکرد، ئەو دادگایە بۆ ئەوە دانراوە کە پێشێلی دەستوور بکات و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەناو ببات.

محەممەد عومەر، ئەوەشی خستەڕوو، کۆتا بڕیاری ئەو دادگایە تایبەت بە بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ مەبەستی رادەستکردنەوەی بارەگاکان بە پارتی لە کەرکووک، سوودانی وەک فەرماندی گشتی هێزە چەکدارەکان بڕیارەکەی دەرکردووە قابیلی تانەلێدان نییە، بەڵام هەر لەو چەند کاتژمێری دواتر لە رێگەی دادگای فیدڕاڵ ئەو بڕیارەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیان دواخست سەبارەت بە رادەستکردنەوەی بارەگاکان بە پارتی دیموکراتی کوردستان.

لەبارەی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانیش، ئەو پسپۆڕی یاسایی و دەستوورییە گوتی: حکومەتی عێراق دەیەوێت لە رێگەی راگرتنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، ئەو هەرێمە لاواز بکات.

گوتیشی: پێوسیتە هەرێمی کوردستان هەڵوێستێکی چارەنووسازی هەبێت سەبارەت بەو ستەمانەی کە لەلایەن بەغداوە لێیدەکرێت.