ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی 500 ملیار دینارەکەی بەغدا کۆدەبێتەوە

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بڕیاردان لەبارەی 500 ملیار دینارەکەی بەغدا و دابەشکردنی مووچە کۆدەبێتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەمڕۆ چوارشەممە 6ـی ئەیلوول، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و دوایین گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا و ناردنی 500 ملیار دینارەکەی بەغدا تاوتوێ دەکات.

پێشتر پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەبارەی چۆنیەتی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدرێت، گوتیشی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دارایی قسەی کردووە، بۆ ئەوەی لەو پارەیەی دەنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، ئەولەویەت بۆ مووچە بێت.

ئەمە لە کاتێکدایە لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاردرا بۆ ماوەی سێ مانگ بڕی 500 ملیار دینار بە شێوەی قه‌رز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا یەکلایی کردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.