وەزارەتی دارایی عێراق: دوو بانک رێککەوتنی پێدانی قەرز لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژوو دەکەن

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، لەسەر بنەمای رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران، هەردوو بانکی رافیدەین و رەشید رێککەوتنی پێدانی قەرز لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان واژوو دەکەن. داواش لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەو مەبەستە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەردوو بانکەکە بکەن.

درەنگانی شەوی رابردوو، سێشەممە، 5ـی ئەیلوولی 2023؛ وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "لەسەر بنەمای رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران و جێبەجێکردنی بڕیاری (235،000) لە دانیشتنی رۆژی یەکشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2023، هەردوو بانکی رافیدەین و رەشید رێککەوتنی پێدانی قەرز لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان واژوودەکەن بۆ پێدان و دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە گەرەنتیکردنی ئەوەی پارەکە (ئەوەی بە قەرز بە هەرێمی کوردستان دەدرێت) بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی بگەڕێندرێتەوە کە لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پاکتاو دەکرێت دوای ئەوەی پابەند دەبێت بە بەندەکانی یاسای بودجە".

وەزارەتی دارایی عێراق، وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، "سوورە لەسەر گەرەنتیکردنی مافە داراییەکانی هەموو هاووڵاتییان و فەرمانبەران، بە گوێرەی رێکار و  رێنماییە نووسراوەکان و بڕیارەکەی حکومەتی فیدراڵی بە خەرجکردنی قەرزی دارایی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران". 

وەزارەتی دارایی عێراق بە پێویستی دەزانێت، "نوێنەرانی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی لەگەڵ هەردوو بانکەکە (بانکی رەشید و رافیدەین) بکەن، بۆ ئەوەی وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان (ئاوات شێخ جەناب) واژوو لەسەر ئەو رێککەوتنە بکات کە حکومەتی فیدراڵی بڕیاری لەسەر داوە".  

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو: "وەزارەتی دارایی رێکارەکانی بە گوێرەی ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی ژمارە 13ـی ساڵی 2023ـدا هاتووە، جێبەجێ دەکات؛ لە نێویشیاندا دابینکردنی شایستە داراییەکان".

حکومەتی عێراق، بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی، "سوورە لەسەر جێبەجێکردنی داواکارییەکانی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی چاکسازییە داراییەکان بە ئامانجی برەودان بە گەشەی ئابووری وڵاتەکە".

رۆژی یەکشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا بڕیاریدا 500 ملیار دینار 'بە شێوەی قەرز' بۆ پێدانی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت؛ بەڵام رۆژی دووشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیارەکەی حکومەتی فیدراڵی تاک لایەنانە دراوە و پرس بە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکراوە.

هاوکات ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی حکومەتی فیدراڵی بڕیارە بینێرێت، لەگەڵ داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە نزیکەی 320 ملیار دینارە، بەشی هەموو مووچەخۆران ناکات.