ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتباری رووداوێکی هاتووچۆی راگەیاند

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، رایگەیاند، ئەو تۆمەتبارەی کە بە ئۆتۆمبێل لە هاووڵاتییەکی دابوو دواتر رایکردبوو، دەستگیرکرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە (6ـی ئەیلوولی 2023) بەڕێوەبەرایتی ئاسایشی هەولێر راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، تۆمەتبار (س،م،ق) بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیر کرا.

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە دوای ئەوە دێت کە لەڕێکەوتی (8ـی ئابی 2023) لەسەر شەقامی 150 مەتری هەولێر بە ئۆتۆمبیلەکەی لە هاووڵاتییەکی دابوو بەناوی  "دلێر عبدالقادر عبداللە" کە دەست بەجێ گیانی لەدەستدا و تۆمەتباریش رایکردبوو.