ئیحسان شەممەری: ئەو لایەنانەی کە دژایەتی کوردستان دەکەن ئیرەیی بە پارتی دەبەن

ئیحسان شەممەری، سەرۆکی سەنتەری هزری سیاسی لە عێراق
ئیحسان شەممەری، سەرۆکی سەنتەری هزری سیاسی لە عێراق

K24 – هەولێر:

سەرۆکی سەنتەری هزری سیاسی لە عێراق، رایدەگەیەنێت، هەندێک لایەن لە بەغدا نایانەوێت هەولێر و بەغدا پەیوەندی باشیان هەبێت و هەندێک لایەنی سیاسیش دیدگایەکی توندڕەوییان بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان هەیە، هاوکات دەڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان کاریگەری زۆری لەسەر شەقامی سیاسی عێراقی هەیە و ئەو لایەنانەی کە دژایەتی کوردستان دەکەن ئیرەیی بە پارتی دەبەن.

ئیحسان شەممەری، سەرۆکی سەنتەری هزری سیاسی لە عێراق، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 رایگەیاند، حکومەتی ئێستای عێراق لەژێر کاریگەری چەند لایەنێکی ناوخۆیی چوارچێوەی هەماهەنگی دایە، کە نایەنەوێت لەو کاتەدا هیچ پەیوەندییەکی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبێت، هەروەها ئەو لایەنانە دەستیان بە کاریگەرییەکانیان و فشارەکانیان کردووە بۆ سەر حکومەتی عێراق تەنانەت بۆ سەر دامەرزاوەکانیشی وەک وەزارەتی دارایی و دامەزراوەکانی دیکە، بۆیە بوونی ئەو کاریگەرە بووەتە هۆی پیشێلکردنی رێککەوتنەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.

سەرۆکی سەنتەری هزری سیاسی لە عێراق، هەروەها راشیگەیاند، ئەو لایەنانەی ناو کابینەی حکومەتی سوودانی تا رادەیەک دەمارگیر و تایفەگەرن، کاریگەریان لەسەر حکومەتی فیدراڵی هەیە، هاوکات چوارچێوەی هەماهەنگی لە هەموو رێککەوتنە سیاسییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان یاخی بووە، ئیحسان شەممەری، روونیکردەوە، هۆکارێکی دیکەی جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکان پەیوەندی بە فشارە دەرەکییەکان هەیە، بە تایبەت کە هەرێم رووبەڕووی تەحەدییەکی وڵاتانی ناوچەکە بووەتەوە کە کار لەسەر نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم دەکەن، ئەوەش وایکردووە حکومەتی عێراق پابەند نەبیت بە رێککەوتنەکان.

ئاماژەی بەوەشدا، هەندێک لایەنی نێو حکومەتەکەی سوودانی دەمارگیرن و کاریگەری لایەنەکان لەسەر حکومەتی عێراق دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، کە دەبێتە هۆی تۆڵەسەندنەوەی سیاسی و بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت، دەشڵێت: پێشبینیمان کردبوو بەشێک لەو لایەنانە فشار دەکەنە سەر حکومەت و جڵەوی بڕیارەکانیان گرتووە کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستان هەیە و کۆسپ دەخەنە بەردەم وەزارەتەکانی عێراق.

ئیحسان شەممەری ،گوتیشی: پێویستە ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت، هەروەها هەرێمی کوردستان هەست بە بێ ئومێدی دەکات بەرامبەر بە عێراق، لە ساڵی 2014ـەوە شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج نەکراوە.

سەرۆکی سەنتەری هزری سیاسی لە عێراق، روونیکردەوە، دژایەتی هەندێک لەو لایەنانە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان زیانە گەورەکە بۆ حکومەتی سوودانی دەبێت، چونکە بەهۆی ئەوەی پابەندی رێککەوتنەکان نەبووە و هەروەها بەمهۆیەوە ئەوان پاڵپشتی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان لەدەستدەدەن.

جەختی لەوەشکردەوە، رۆڵەکانمان لە هەرێمی کوردستان زیاتر هەست بە بێ ئومێدی دەکەن بە تایبەت کە بینیمان هاووڵاتییان لە شاری دهۆک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و دروشمی دژ بە سوودانیان بەرز کردەوە و گوتیان: "ئەو حکومەتە سیاسەتی برسیکردنی هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکات".

ئیحسان شەممەری، گوتی: پارتی کاریگەری زۆری لەسەر شەقامی سیاسی عێراقی هەیە، ئەو لایەنانەی کە دژایەتی کوردستان دەکەن ئیرەیی بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەبەن، هیچ لۆژیکییەکی سیاسی لەوەدا نییە کە هەندێک لایەن دووژمنکاری بەرامبەر بە پارتی دەیکەن،  پارتی حزبێکی مێژووییە و پارتی رۆڵێکی بەرچاو و کاریگەری لە عێراق هەیە، هەروەها رۆڵێکی گەورەی لە رووخاندنی رژێمی سەدام هەبووە.

گوتیشی: بینیمان ئەو نیازە راستگۆییەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتی پێکهێنانی حکومەتی سوودانی نیشانیدا، بەڵام لە بەرامبەردا هیچ راستگۆییەک لە بەغدا بەرامبەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بەدی نەکرا.

لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆکی سەنتەری هزری سیاسی لە عێراق، ئاماژەی بەوەشدا، ئەو بڕیارانەی کە دژی هەرێمی کوردستان و پارتی درا لە بەغدا و دادگای فیدراڵ، وایکرد پارتی متمانەی بە عێراق نەمێنێت بەمهۆیەش پڕۆسەی سیاسی رووبەرووی قەیرانی گەورە دەبێتەوە، باسی لەوەشکرد،  پارتی چەندین جار رایگەیاندووە ئەگەر تەنگەتاو بکرێن ئەوە کشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسی ئەگەرێکی کراوەیە، پارتی بکشێتەوە بەغدا پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەدەستدەدات، نەتەوە یەکگرتوەکانیش هەڵوێستیان دەبێت، "بینیمان  جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لە رێککەوتنی سیاسی و ماددەی 140 کردەوە، ئەگەر سوودانی هەنگاو بۆ گەڕانەوەی متمانەی پارتی نەنێت، گەورەترین زیان بەخۆی دەکەوێت".

سەرۆکی سەنتەری هزری سیاسی لە عێراق، ئەوەشی خستەڕوو، "پارتی هێشتا نیازی راستگۆیانەی بەرامبەر بە سوودانی هەڵگرتووە و هەمیشە بانگەواز بۆ ئەوە دەکات کە پەباندبن بە رێککەوتنەکان، پارتی لەوە تێگەشتووە سوودانی کەوتووەتە ژێر کاریگەری زۆر گەورەی سیاسی ئەگەر بەو شێویە بەردەوامبێت متمانەی پارتی لەدەست دەدات".

لەبارەی دادگای فیدراڵی ئیحسان شەممەری، راگەیاند، دادگای فیدراڵی پێویستە بەو رێگەیە بڕوات کە لە دەستوور بۆی دیاریکراوە، بەڵام هەندێک لایەن لە رێگای ئەم دادگایە دەستیان کردووە بە پەکخستنی دەستوور، سەرجەمی بڕیارەکانی ئەم دادگایە دژ بە هەرێمی کوردستانە.