ئایدن مەعروف: پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باشدایە

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتوون لە ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندنی تورکمانی و  بەڕێوەبەری گشتیی خوێندنی سریانی سەردانی تورکیای کردووە.

لەوبارەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2023؛ ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەنقەرەوە بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەم شاندە تایبەتە بە پەروەردە و خوێندنی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان و، لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و دەرەوەی تورکیا و چەندین دامەزراوەی دیکە بواری پەروەردە کۆدەبینەوە".

لەبارەی پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان؛ ئایدن مەعروف گوتی: "پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە لە ڕووی سیاسی، دیپلۆماسی، بازرگانی و پەروەردەوە لە ئاستێکی باشدایە. تورکیا وڵاتێکی گرنگە لە رۆژهەڵی ناوەڕاست و هەوڵدەدەات پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتان و لەنێویشیاندا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات".

وەکو ئەوەی ئایدن مەعروف باسی دەکات، "تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان گرنگیی خۆیە هەیە و، هەرێمی کوردستانیش بەهەمان شێوە گرنگی خۆی بۆ ئەو وڵاتە هەیە؛ ئێمەش دەمانەوێت زیاتر ئەم پەیوەندییانە بەرەو پێش ببەین و بەهێزتریان بکەین."

لەبارەی سەردانەکەی ئەم دواییەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئەوەی خستەڕوو، "سەردانەکە گرنگ بوو و چەندین پرسی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەولێر تاوتوێکرد، بەتایبەت چۆنیەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا. راگرتنی هەناردەکردنی نەوت، زیانی دارایی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هەبووە، بۆیە پێویستە حکومەتی عێراق کاری جیددی بکات، بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان".