بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەستی بەسەر بڕێکی زۆر لە ماددەی هۆشبەردا گرت

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، رایگەیاند، دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد توانرا بڕی شەش کیلۆ و 700 گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆرەکانی کریستاڵ، حەشیش، ماریوانا و تلیاک، هەزار شیت ترامادۆڵ و 10 شیت میتادۆن دەستی بەسەردا بگیرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (7ـی ئەیلوولی 2023) بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە ھۆشبەرەکان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، لەهەوڵە بەردەوامەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە ھۆشبەرەکانی سەربە بەرێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش، دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد و وەگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاساییش، لەشاری هەولێر، توانرا بڕی شەش کیلۆ و 700 گرام مادەی هۆشبەر لەجۆرەکانی کریستاڵ، حەشیش، ماریوانا و تلیاک لەگەڵ هەزار شیت ترامادۆڵ و 10 شیت میتادۆن دەستی بەسەردا بگیرێت.

بە گوێرەی راگەیاندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لەم چالاکییەدا توانرا سێ کەس دەستگیربکرێن کە بەکاری بازرگانی بەم ماددانەوە تێوەگڵاون، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ هەر سێ تۆمەتبار کراوەتەوە بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، ئاماژەی بەوەشدا، ئەم چالاکییە بەهاوکاری بەشی جموجۆڵی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی کەرکووک جێبەجێ کراوە.