سبەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بۆ تاوتوێکردنی دۆخی کەرکووک و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە کۆدەبێتەوە

کۆبوونەوەی لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت - ئەرشیف
کۆبوونەوەی لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت - ئەرشیف

K24 – هەولێر: 

وابڕیارە سبەی شەممە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بۆ تاوتوێکردنی رەوشی ئەمنی شاری کەرکووک و رەوانەکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی هەروەها دۆخی سیاسی عێراق و جێبەجکردنی کارنامەی کابینەکەی سوودانی کۆببێتەوە و شاندێکی پارتیش بەشداری لە کۆبوونەوەکە دەکەن.

سبەی شەممە (9ـی ئەیلوولی 2023)، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە ئامادەبوونی سەرکردە باڵاکانی عێراق کۆدەبێتەوە و تاوتوێی دۆخی سیاسی و جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەکەی محەممە شیاع سوودانی دەکات، لەوانەش دۆخی ئەمنی و رووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکووک و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر رەوانەکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، هەریەکە لە فوئاد حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە بەغدا و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری لە کۆبوونەوەکە بکەن.

هەر بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ئەو ئاستەنگانە دەکرێت کە بۆ جێبەجێکردنی یاسای بوودجەی فیدراڵی دروستبووە، بە تایبەت لە رەوانەکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بۆ هەر مانگێکی (9، 10، 11) بری تەنیا 500 ملیار دینار وەک قەرز بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە (7ـی ئەیلوولی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، نەناردنی شایستە داراییەکانمان وەک لە بودجەی فیدراڵدا هاتووە، لەلایەن بەغداوە، زیان بە هاووڵاتییانمان دەگەیەنێت.

هاوکات مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوای کۆبوونەوەی بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی رۆژی (7ـی ئەیلوولی 2023) رایگەیاند، "یاسای بودجە، كاتێك كە حكومەتی فیدراڵی پڕۆژە یاساكەی ئامادەكرد بەرێكەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێم، پشكی هەرێم دیاری كرابوو، بەڵام لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران سەرلەبەری ئەم پڕۆژە یاسایه‌ گۆڕانكاری بەسەرداهات و غەدرێكی زۆر لە هەرێمی كوردستان كرا، ئێستاش ئەوەی كە لە یاساكەشدا هاتووە جێبەجێناكرێت بەشێوەیەكی گونجاو كە ئه‌مه‌ش غەدرێكی گەورەیە لە مووچەخۆرانی كوردستان بە تایبەتی و خەڵكی كوردستان بەگشتی".

هەروەها هەر دوێنی پێنجشەممە، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممەدا لەگەڵ سەرکردەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، گفتوگۆ لەبارەی پرسی بوودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

رۆژی چوارشەممەش (6ـی ئەیلوولی 2023)، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، جەختی کردەوە کە لە بەرانبەر پابەندییەکانی هەرێم، پێویستە کۆی گشتی شایستەی داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت کە بە گوێرەی خشتەکانی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەکاتە بڕی 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار، کە مانگانە بە گوێرەی ژمارەکانی بودجە دەکاتە یەک ترلیۆن و375 ملیار دینار.

ئەمە لە کاتێکدایە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی (3ـی ئەیوولی 2023) بڕیاردرا بۆ ماوەی سێ مانگ بڕی 500 ملیار دینار بە شێوەی قه‌رز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا یەکلایی کردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

لەلایەن خۆیەوە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ رۆژی دووشەممە، (4ـی ئەیلوولی 2023)، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی ئەو شاندەی هەرێمی کوردستان، مانگانە بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران پێویستیان بە 940 ملیار دینارە و روونیکردەوە، "ئێستا داهاتی نەوتمان نەماوە، داهاتی نانەوتیش هەمووی بۆ حکومەتی فیدراڵی هەژمار دەکرێت. ئێمە مانگانە نزیکەی 320 ملیار دینار داهاتی نانەوتیمان هەیە کە بۆ هەموو پێداویستییەکانی هەرێمە، ئەو بڕە پارەیە لەگەڵ 500 ملیار دینارەکەی بەغدا، مووچەی هەمووان دابین ناکات".

هەروەها كه‌مال محه‌ممه‌د ساڵح وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ وه‌كاله‌ت رایگەیاند، له‌ 25ی حوزەیرانـه‌وه‌، مانگانه‌ 50 هه‌زار تا 102 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت رۆژانه‌ راده‌ستی به‌غدا كراوه‌، به‌گشتی رۆژانه‌ 85 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت دراوه‌ته‌ به‌غدا، به‌ڵام له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا یه‌ك دینار به‌رانبه‌ر به‌و نه‌وته‌ی كه‌ دراوه‌ته‌ به‌غدا، خه‌رج نه‌كراوه‌.

لەلایەن خۆشیەوە، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، یاسای بودجەی عێراق بۆ تۆڵەکردنەوە لەمافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان نووسراوە و گەورەترین لێدانیش بوو لە دەستەکەوتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.