كانتۆنی قامشلۆ: داعش و رژێمی سووریا لە تەقینەوەكان بەرپرسیارن

K24 – قامشلۆ

سەرۆكی دەستەی بەرگری كانتۆنی قامشلۆ رایگەیاند، ئامانج لە تەقینەوەكانی قامشلۆ تێكدانی ئارامی رۆژئاوای كوردستان و سستكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاكردنی منبجە، داعش و رژێمی سووریا لەو تەقینەوانە بەرپرسیارن.

رێزان گەلۆ سەرۆكی دەستەی بەرگری كانتۆنی قامشلۆ لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 رایگەیاند: "داعش و پشتیوانانی دەیانەوێت بەم تەقینەوانە سەنگەرەكانی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی منبج و ئارامی رۆژئاوای كوردستان بكەنە ئامانج، بەڵام خەبات و تێكۆشان بەردەوامە و لە چەند رۆژی داھاتوودا رزگاركردنی تەواوی منبج لە دەستی داعش رادەگەیەنرێت".

گوتیشی: "ئێمە دەزانین ئەو تەقینەوانە كە لەلایەن داعشەوە لە رۆژئاوای كوردستان ئەنجامدەدرێن رژێمی سووریا و ئاكەپە لە پشتی ئەو كردەوانەن".