هۆشیار زێباری: دەبێت سەرۆککۆماری عێراق هەڵوێستی هەبێت لە بەرانبەر پێشێلکردنی دەستوور

هۆشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
هۆشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رەخنە لە هەڵوێستی سەرۆککۆماری عێراق دەگرێت کە بێدەنگە لە بەرانبەر پێشێلکردنی مافەکانی هاووڵاتییان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

رۆژی هەینی (8ـی ئەیلوولی 2023)، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاندووە، دەسەڵاتی سەرۆککۆماری عێراق بەپێی دەستوور بریتییە لە جەختکردنەوە لە پابەندبوون بە دەستوور لە هەر کاتێکدا کە پێشێلکارییەکی دەستووری روویدا و دەبێت ئەویش هەڵوێستێکی ئاشکرای هەبێت.

هۆشیار زێباری پرسیاری ئەوەی کردووە، "سەرۆککۆماری عێراق لەکوێیە لەو پێشێلکارییانەی بەرانبەر مافە داراییەکانی هاووڵاتییان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەراورد بە هاوشێوەکانیان و شایستە داراییەکانیان لە یاسای بودجەی فیدراڵی".

هەرچەندە لە یاسای بودجەی فیدراڵی، پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی وەک لە یاساکەدا هاتووە، جێبەجێکردووە، پشکی هەرێمی کوردستانی رەوانە نەکردووە.

دواجار لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی (3ـی ئەیوولی 2023) بڕیاردرا بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم) بڕی 500 ملیار دینار بە شێوەی قه‌رز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا یەکلایی کردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

هەروەها رۆژی پێنجشەممە (7ـی ئەیلوولی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، نەناردنی شایستە داراییەکانمان وەک لە بودجەی فیدراڵدا هاتووە، لەلایەن بەغداوە، زیان بە هاووڵاتییانمان دەگەیەنێت.

هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا لە رۆژی (6ـی ئەیلوولی 2023)، ، جەختی کردەوە کە لە بەرانبەر پابەندییەکانی هەرێم، پێویستە کۆی گشتی شایستەی داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت کە بە گوێرەی خشتەکانی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەکاتە بڕی 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار، کە مانگانە بە گوێرەی ژمارەکانی بودجە دەکاتە یەک ترلیۆن و 375 ملیار دینار.