بەهۆی مەترسییەکانی کۆلێرا خواستی هاووڵاتییان بۆ کڕینی سەوزەوات کەمیکردووە

K24 – سلێمانی:

وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، 117 حاڵەتى نەخۆشى کۆلێرا لە سلێمانى تۆمار کراوە کە پێشبینى دەکرێت ژمارەکەش لەوەزیاتر بێت لەگەڵ زیادبوونى ئامارەکانى تووشبوون بە کۆلێرا خواستى هاووڵاتییانیش بۆ کڕینى سەوزەوات کەمیکردووە .

جیاواز لەچەند هەفتەیەک پێش بڵاوبوونەوەی نەخۆشى کۆلێرا بازاڕى سەوزەفرۆشان رووى لە کەمىکردووە، یەکێک لە هۆکارەکانى تووشبوون بە کۆلێرا خواردنى ئەو سەوزانەیە کە بە ئاوى پیس ئاو دەدرێن، سۆران حوسێن، فرۆشیار، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هەندێ کەس هەیە بە دڵنیاییەوە وازى لە سەوزە هێناوە تا ئەم نەخۆشییە کۆتاى دێت، بەڵام هەندێک هەیە هەر ئاساییە بەس چیە لەو حاڵەدا گرنگی بە شۆردنەوەى دەدات و زیاتر دەیشواتەوە وەک لەپێشتر".

زیادبوونى حاڵەتەکان سامان بەرزنجی، وەزیرى تەندروستى هێنایە سلێمانى و لەگەڵ تەندروستى سلێمانى بە دواداچوونیان بۆ زیادبوونى حاڵەتەکان کرد و دڵنیایاندا  بۆ پاراستنى تەندروستى هاووڵاتییان ئامادەى دابینکردنى هەموو پێداویستییەکن بۆ نەخۆشخانەکان، هاوکات، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، "کۆلێرا دەرئەنجامێکە چاوەڕوانکراو بوو، بەڵام ئەم 117 حاڵەتە ماناى ئەوە نییە تەنها ئەم 117 حاڵەتە لەم شارەدا تووشبوو هەیە، چونکە %10 تا %20 نەخۆشییەکانى سکچوون بەپێى ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لە رووى پەتازانییەوە وەردەگیرێن بۆ نموونەى تاقیگە، واتە حاڵەتەکانى دیکە زیاتر هەندێ حاڵەتى دیکە هەیە بێ نیشانەیە".

ئامارەکانى توشبوون بە کۆلێرا لە سلێمانى رۆژانە زیاد دەکات ، وەزارەتى تەندروستیش هەموو هەوڵێکى بۆ ئەوەیە رێگری بکات لە زیادبوونى ژمارەى توشبووان، بەڵام ئەرکێکى گرنگیش دەکەوێتە سەرشانى هاووڵاتییان لەم دۆخەدا ئەویش جێبەجیێکردنى رێنامییەکانى تەندروستییە کە لە هەمووى گرنگتر بەکارهێناننى ئاوى پاک و تەندروستە بۆ خواردنەوە.

پێشتر بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی چەند رێنماییەکی بۆ خۆپاراستن لە پەتای سكچوون رشانەوە بڵاوکردبووەوە کە بریتین لە:

1- پێویستە تانكی ئاوی خواردنەوە بەبەردەوامی پاك بكرێتەوە، بۆ نمونە لانی كەم شەش مانگ جارێك و دەبێت تانكی ئاوەكان بەبەردەوام سەری داپۆشراوبێت.

2- سەوزە و میوە بەباشی بشۆردرێتەوە بەماددەی پەرمەنگەناتی پۆتاسیۆم.

3- خواردنی سەر عەرەبانە و دەست گێڕەكان مەترسیدارن و خۆیان لێ بپارێزە بۆ دووربونت لە نەخۆشی سكچوون.

4- لەكاتی بینینی هەر سەرپێچییەك كە زیان بە تەندروستی هاووڵاتیان بگەیەنێت، پێویستە نزیكترین بنكەی تەندروستی یاخود بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی لێ ئاگادار بكەرەوە.

5- دڵنیابە لە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەكەت  و پاك و خاوێن  ڕاگرتنی.

6- نەخواردنی ئەو بەروبوومانەی كە بە ئاوی قورس و پیس ئاو دەدرێت.

7- شوشتنی دەستەكانت بەباشی پێش ئامادەكردنی خواردنەكان و دوای چوونە تەوالێت و پێش نان خواردن.

8- تەنها بەفرگری ماڵەكانتان بەكاربهێنن بۆ ساردكردنی ئاوی خواردنەوە، بەهیچ شێوەیەك سەهۆڵ و بەفری سەرجادە و كۆڵانەكان بەكار مەهێنە ڕەنگە بە ئاوی پاكژكراو دروست نەكرابێت.