سەرۆکانی رووسیا و چین بەشداری لە لوتکەی وڵاتانی گرووپی 20 ناکەن

لوتکەی 18ـی گرووپی G20 لە هیندستان بەڕێوەدەچێت
لوتکەی 18ـی گرووپی G20 لە هیندستان بەڕێوەدەچێت

K24 – هەولێر:

رۆژی شەممە لوتکەی وڵاتانی گرووپی 20 لە نیودەلهی پایتەختی هیندستان دەستپێدەکات و تا 10ـی مانگ بەردەوام دەبێت، تەوەرە سەرەکییەکانی لوتەکەش بریتیی دەبن لە گۆڕانی کەشوهەوا و ئاسایشی خۆراک، بەڵام جگە لە سەرۆکی رووسیا، سەرۆکی چینیش بەشداری لوتکەکە ناکات کە ئەمەش گوومانی لەسەر گرنگی گرووپەکە دروست کردووە، نەتەوەیەکگرتووەکانیش داوای یەک هەڵوێستی لە وڵاتانی گرووپی 20 دەکات.

سەرکردە و نوێنەرانی 19 وڵات و یەکێتی ئەوروپا کە گرووپی 20 پێکدەهێنن گەیشتنە نیودەلهی پایتەختی هیندستان و بڕیارە سبەی لوتکەکە بەڕێوەبچێت، بەڵام جگە لە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا، شی جینپینگی سەرۆکی چینیش بەشداری لوتکەکە ناکات، بێ ئەوەی روونکردنەوە لەسەر بەشدارینەکردنەکەی بدرێت، ئەمەش گوومانی لەسەر یەکدەنگی ئەندامانی گرووپەکە دروست دەکات.

ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان داوا دەکات، وڵاتانی گرووپی 20 بەرەنگاری قەیرانە جیهانییەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا و جەنگ ببنەوە.

سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکردووە، " گۆڕانی کەشوهەوا خراپتر دەبێت، خواستێکی تەواو و پەلەکردن نییە بۆ هاوهەڵوێستی بەرەنگاربوونەوە دۆخەکە، جەنگ و پێکدادان زیاتر دەبن، ئەمەش هۆکارە بۆ شکستی هەوڵەکانی ئاشتی، تەکنەلۆژیای نوێ مەترسییان دروستکردووە و هەنگاوەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی مەترسییەکان سستن، هەژاریی و برسییەتی و نا یەکسانی لە فراوانبووندایە و یەکدەنگی جیهانی بێهەڵوێستە، گۆڕانی کەشوهەوا لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە، وڵاتانی گرووپی 20 لە ٪80ـی گازە دەردراوەکان بەرپرسیارن، پێویستە ئامانجی 1.5 پلەی سەدی بە زیندوویی بمێنێتەوە و لەسەر بنەمای دادپەروەری کەشوهەوا متمانە بنیاتبنرێتەوە، ئابووریەکانیش ژینگەدۆست بکرێن."

هاوکات یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی لوتکەی گرووپی 20، جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا و ئاسایشی خۆراکە لە جیهان، کە بەهۆی ئەو جەنگەوە کەوتووەتە ژێر هەڕەشە، سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانی بەندەرەکانی ئۆکرانیا لەلایەن رووسیا، هەڕەشە لەسەر ئاسایشی خۆراکی 250 ملیۆن کەس لە جیهاندا دروست بووە.

جانێت یەڵن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، گرووپی 20 توانیویەتی لەژێر سەرکردایەتی هندستان هاوکاری زۆری ئەو وڵاتانە بکات کە بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاوە تووشی قەرزاری هاتوون. هۆشداری ئەوەش دەدات، سستبوونەوەی ئابووری چین مەترسی لەسەر هەموو جیهان دروست دەکات.

هەروەها چەندین سەرکردەی گرووپی 20 پشتیوانی لە ئەندامبوونی هەمیشەیی یەکێتی ئەفریقا بۆ گرووپەکە دەکەن، بەمەش گرووپەکە 21 ئەندامی دەبێت.

لوتکەی ئەمجارەی G20، 18ـەمین لوتکەی وڵاتانی خاوەنی بەهێزترین ئابووری جیهانە لە نیودەلهی پایتەختی هیندستان لەژێر دروشمی (یەک زەوی، یەک خێزان، یەک داهاتوو) بەڕێوەدەچێت.

تەوەرە سەرەکییەکان کە لە لوتکەی 18ـدا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، بریتین لە (ئابووری دیجیتاڵی، کشتوکاڵ، خوێندن، هەلی کار، گۆڕانی کەشوهەوا و وزەی پاک) دەبێت.

گرووپی G20 لە ساڵی 1999 دامەزراوە و ئەندامانی ئەو گرووپە لە (یەکێتی ئەوروپا، ئەمەریکا، کەنەدا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا، چین، ئوسترالیا، ئیتاڵیا، بەرازیل، ئەرجەنتین، رووسیا، تورکیا، هیندستان، کۆریای باشوور، سعوودیە، ئیندۆنیزیا، باشووری ئەفریقا، ژاپۆن و مەکسیک) پێکهاتوون.

ئەندامانی گرووپی G20، 75%ـی کۆی بازرگانی جیهان پێکدەهێنن و دوو لەسەر سێی دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنن کە خاوەنی 60%ـی خاکی جیهانن کە بە ئامانجی دامەزراندنی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانە ئابوورییە جیهانییەکان پێکهێندراوە.