پێشبینی زانا هۆڵەندییەکە سەبارەت بە بوومەلەرزەکەی مەغریب راست دەرچوو؟

K24 - هەولێر

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.8 پلە، مەغریبی هەژاند و بەهۆیەوە سەدان کەس گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون لە باشووری شاری مەراکشی گەشتیاری.

هەرکاتێک بوومەلەرزەیەک لە هەر شوێنێکی جیهان رووبدات، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ناوی بومەلەرزەزانی هۆڵەندی فرانک هۆگربێتز دێت، ئایا پێش ئەوەی بوومەلەرزەکەی مەغریب رووبدات پێشبینیی کردووە؟

چەند رۆژێک لەمەوبەر زانای هۆڵەندی فرانک هوگرێبیتس لە تویتێکدا لەسەر پلاتفۆرمیX ، نووسیبووی: "دوو پەیوەندی هەسارەیی لەگەڵ عەتارد و زوحەل یەکدەگرنەوە، لەگەڵ دوو پەیوەندی مانگ لەگەڵ موشتەری و ئۆرانۆس، لە 6ـی ئەیلولدا یەکگرتنێکی دیکە لەگەڵ عەتارد و زوحەل روویانداوە"، هەروەها پێشبینی دەکرد، کۆمەڵێک بوومەلەرزەی بەهێز لە نێوان 5 بۆ 7ـی ئەیلول رووبدەن.

زانای بومەلەرزەزانی هۆڵەندی نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر گەڕایەوە سەر هۆشدارییەکانی خۆی، کاتێک هۆشداریی دا لە روودانی بوومەلەرزەیەک کە قەبارەی بوومەلەرزەکەی لە 8 پلە زیاتر دەبێت لەسەر پێوەرەکانی رێختەر.

هۆگربێتز پێشتر پێشبینی کردبوو و هۆشداری دابوو لە ئەگەری روودانی بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر، دیارترینیان بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی 6ـی شوبات، تورکیای گرتەوە و زیاتر لە 50 هەزار کەس گیانیان لەدەستداو دەیان هەزار کەسیش برینداربوون.

ئەمڕۆ شەممە، 9ـی ئەیلوولی 2023، میدیای فەرمی مەغریب لە زاری وەزارەتی ناوخۆی ئەوە وڵاتە بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەو بوومەلەرزەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ مەغریبی هەژاندووە، 632 کەس گیانیان لەدەستداوە و 329 کەسی دیکەش بریندارن.