وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە

کۆبوونەوەی وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران - 9/9/2023 - بەغدا
کۆبوونەوەی وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران - 9/9/2023 - بەغدا

K24 – بەغدا

کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەستیپێکرد.

شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24، لە بەغدا رایگەیاند، کۆبوونەوەی وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی.

راشیگەیاند، تەنیا یەک پەرلەمانی کورد لە کۆبوونەوەکە بەشدارە ئەویش نەرمین مەعرووف ئەندامی لیژنەی داراییە، تائێستا زانیاری ورد لەبارەی کۆبوونەوەکە نەزانراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە لە 7ـی ئابی 2023، رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی کە وەزارەتی دادی عێراق دەری دەکات، رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق بڵاوکردەوە، بەڵام تائێستا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق خەرج نەکراوە و حکومەتی عێراق بڕی پارەی پێویستی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەناردووە، بۆیە تائێستا نەتوانراوە مووچەی مانگی تەممووز و ئابی ئەمساڵ دابەش بکرێت.

رۆژی 12ـی 6ـی 2023، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسەندکرد و دوای سڕینەوەی چوار ماددە و زیادکردنی چەند ماددەیەک، ژمارەیەک پێشنیازیشی بۆ پرۆژەیاساکە زیادکرد.