وەزارەتی تەندروستیی مەغریب بۆ کوردستان24: پێشبینی دەکەین ژمارەی قوربانیان زیاتر بەرزببێتەوە

تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە مەغریب هەوڵی رزگارکردنی هاووڵاتییان لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکدا دەدەن (وێنە: FADEL SENNA / AFP)
تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە مەغریب هەوڵی رزگارکردنی هاووڵاتییان لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکدا دەدەن (وێنە: FADEL SENNA / AFP)

K24 - هەولێر

راوێژکاری وەزیری تەندروستیی مەغریب پێشبینی دەکات ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ئەو بوومەلەرزەی بەیانی ئەمڕۆ لە وڵاتەکەی روویداوە بۆ سەرووی هەزار کەس بەرزببێتەوە و دەڵێت، "سەدان کەس لەژێر دارووپەردووی باڵەخانەکەدا گیریان خواردووە".

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 9ـی ئەیلوولی 2023، د. موعاز ئەمرابت، ڕاوێژکاری وەزیری تەندروستیی مەغریب بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بەهۆی ئەو بوومەلەرزەی بەیانی ئەمڕۆ چەند پارێزگایەکی مەغریبی هەژاند، زیاتر لە 860 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 700 کەسی دیکەش بریندارن".

راوێژکارەکەی وەزیری تەندروستیی مەغریب ئاماژە بەوەش دەدات، برینی بەشێکی زۆرێک لە برینداران سەختە و پێشبینی دەکات ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا بۆ سەرووی هەزار کەس بەرزببێتەوە.

بە گوتەی د. موعاز ئەمرابت، "سەدان هاووڵاتیی مەغریبی لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا گیریان خواردووە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەوڵی رزگارکردنیان دەدەن".

وەکو ئەوەی ڕاوێژکاری وەزیری تەندروستیی مەغریب باسی دەکات، ژمارەیەکی زۆری وڵاتان ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی مەغریب نیشانداوە بۆ رزگارکردنی ئەو هاووڵاتییانەی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا گیریان خواردووە، لەنێویاندا قەتەر، ئیسپانیا، سعوودیە، ئیمارات، کوەیت و چەندین وڵاتی دیکە.

 

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ نزیکەی کاتژمێر 02:00 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.2 پلەی رێختەر ژمارەیەک پارێزگای مەغریبی گرتەوە. بە گوێرەی ناوەندیی رووپێوی جیۆلۆجی ئەمەریکی، چەقی بوومەلەرزەکە لە شاری مەراکش بووە و لە قووڵایی 18.5 کیلۆمەتر لەژێر تووێکلی زەویدا روویداوە.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەبارەی زیانە گیانییەکانی بوومەلەرزەکەی مەغریب لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بوومەلەرزەکە زیانی بە زیاتر لە 300 هەزار کەس لە مەراکش و دەوروبەری گەیاندووە. 

بە گوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە؛ بەشێکی زۆری هاووڵاتییان کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکە وێرانبووەکاندا و لەلایەکی دیکەوە هاووڵاتییان لە ترسی دووبارە روودانی بوومەلەرزە لەسەر شەقامەکان ماونەتەتەوە و شەوەکەیان لە دەرەوە بەسەربردووە. 

پەیمانگەی جیۆلۆجی مەغریبی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو بوومەلەرزەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ وڵاتەکەی هەژاندووە، بە‌هێزترین بووە لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا.

ئەمە جاری یەکەم نییە بوومەلەرزەی وێرانکەر لە مەغریب رووبدات؛ رۆژی 24ـی شوباتی 2004، بوومەلەرزەیەکی بە‌هێز مەغریبی هەژاند و بەهۆیەوە زیاتر لە 630 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە هەزار کەسی دیکەش بریندرابوون. هەروەها زیاتر لە دوو هەزار و 500 باڵەخانە وێرانبوون.

رۆژی 29ـی شوباتی 1960، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 8.1 پلەی رێختەری مەغریبی هەژاند و بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 200 کەس گیانیان لەدەستدا  و زیاتر لە 12 هەزار کەسی دیکەش بریندرابوون. هاوکات بوومەلەرزەکە بووە هۆی وێرانبوونی هەزاران باڵەخانە.