سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: داوا دەکەین حکومەتی عێراق بە بڕیاری ناردنی 500 ملیار دینارەکە بچێتەوە

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەو 500 ملیار دینارەی حکومەتی عێراق بڕیاریداوە بە شێوەی قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت زۆر کەمە و بەشی هەموو مووچەخۆران ناکات. جەختیش لەوە دەکاتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندبوونەکانی خۆی لە یاسای بودجەدا جێبەجێکردووە.

ئەمڕۆ شەممە، 9ـی ئەیلوولی 2023، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندبوونەکانی خۆی لە یاسای بودجەدا جێبەجێکردووە. لەبارەی پرسی رادەستکردنی نەوتیش، بەگوێرەی پێویستی وەزارەتی نەوتی عێراق، نەوتمان رادەستی حکومەتی عێراق کردووە و بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، داهاتە نانەوتییەکانمان رادەست کردوون."

ڤیان سەبری دەڵێت: "باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق دوو رۆژ لەمەوبەر چەند زانیارییەکی ناڕاستی لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی بڵاوکردووەتەوە و ئەوەی باسی کرد بەهیچ شێوەیەک ڕاست نەبوو؛ گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی قسەکانی دایەوە و ڕاستییەکانی بۆ هەموو لایەک ئاشکراکرد."

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژە بەوەش دەدات، "لە رۆژی 25ـی ئاداری 2023ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ حکومەتی عێراق تەنها 598 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە و، ئێستا بڕیاری داوە 500 ملیار دینار بە شێوەی قەرز بنێرێت؛ هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەزانن، ئەم بڕە پارەیە زۆر کەمە و بەشی هەموو فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناکات".

وەکو ئەوەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی باسی دەکات، "بە گوێرەی یاسای بودجە، پێویستە حکومەتی فیدراڵی مانگانە 902 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەران بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام ئێستا بڕیاری داوە تەنها 500 ملیار دینار بە شێوەی قەرز بنێرێت، کە بڕە پارەیەکی زۆر کەمە. داوا دەکەین حکومەتی عێراق بە بڕیارەکەی دا بچێتەوە و پابەندی یاسای بودجە ببێت."

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنی هەینی، 8ی ئەیلوولی 2023، پێشەوا هەورامی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی روونکردنەوەیەکی گوتەبێژی حکومەتی عێراقی دایەوە لەبارەی پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: "هیچ هۆکار و بیانویێک نابینین بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پێویستە دوور لە ئینفاقی فیعلی بەبێ هیچ تێکەڵکردنێک هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچە بنێردرێت و بەپێچەوانەی قسەکانی گوتەبێژ، مووچەخۆرانی هەرێم نەک سێ هێندەی مافی خۆیان بۆ نەنێردراوە بەڵکوو لەژێر ناوی قەرزدا ئەوەی کە بۆشیان نێردراوە نیوەی مافیشیان نییە و مووچەی چەند مانگێک پەڕێندراوە و باسی ناردنیشی نەکراوە."

گوتیشی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو پابەندییەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام هەمیشە بەبیانوویێک مافی هەرێم پێشێل دەکرێت و بەرێز وتەبێژ لەکۆتایی قسەکانی دەڵێت "باشترین ڕێگا چارە بۆ چارەسەر جێبەجێکردنی دەستوور و ڕێککەوتنەکانە"، ئێمەش لەمەدا هاوڕاین لەگەلتان بەڵام دەشپرسین، کێ دەستوورو یاساکانی پێشێلکردووە؟ کێ رێکەوتنەکان دەگۆڕێت و پابەندییان نابێت؟".