کوردستان24 دەقی رێکەوتننامەی بەدەستەخوشکبوونی هەولێر و ناشڤێڵ بڵاودەکاتەوە

K24 – هەولێر:

بە ئامادەبوونی پاریزگاری هەولێر، سەرۆکی شارەوانی ناشڤێڵ، کۆمەڵێک کەسایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و رەوەندی کوردی بە فەرمی رێککەوتنی بەدەستەخوشکبوونی هەولێر و ناشڤێڵ واژۆکرا، هاوکات کوردستان24 دەقی رێکەوتننامەی بەدەستەخوشکبوونی هەولێر و ناشڤێڵ بڵاودەکاتەوە.

ئەمڕۆ شەممە (9ـی ئەیلوولی 2023)، لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، جۆن کووپەر، سەرۆکی شارەوانی ناشڤێڵ، کۆمەڵێک لە کەسایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و رەوەندی کوردی، بە فەرمی رێککەوتنی بەدەستەخوشکبوونی نێوان هەولێر و ناشڤێڵ واژۆکرا.

کوردستان24 دەقی رێکەوتننامەی بەدەستەخوشکبوونی هەولێر و ناشڤێڵ بڵاوکردەوە کە واژۆی ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر و جۆن کووپەر، سەرۆکی شارەوانی ناشڤێڵێ لەسەرە،  تێیدا هاتووە، " لە کاتێکدا دەستپێشخەری دەستەخوشکی نێودەوڵەتی لەنێوان شارەکان دروستبووە بەمەستی دروستکردنی پەیوەندی دۆستایەتی و لێکتێگەیشتن لەنێوان گەلی ئەمەریکا و نەتەوەکانی دیکە، لە رێگەی پەیوەندی دیپلۆماسی هاووڵاتیی لەگەڵ هاووڵاتیی، لەکاتێکدا حکومەتی ناشڤێڵ و حکومەتی هەولێر ئارەزووی خۆیان دەربڕی بۆ کارکردن بەیەکەوە، بۆ پەرەپێدانی لێکتێگەشتن و دۆستایەتی، بۆ یادکردنەوەی جیاوازی کولتووریان هەروەها بۆ بەهێزکردنی ئەو دۆستایەتییە کە لە نێوان هەردوولا هەیە".

هەروەها لە رێککەوتننامەکە ئەوەش خراوەتەڕوو، " بۆیە ئێستا ناشڤێڵ و هەولێر بە شێوەیەکی فەرمی پەیوەندی دەستەخوشکی دادەمەزرێنن، بەپێی بنەماکانی دەستەخوشکی نێودەوڵەتی نێوان شارەکان و ئەم رێککەوتننامەیە بە ئامانجی هاندان بۆ لێکتێگەیشتن، نیازپاکی و دۆستایەتی لە رێگەی ئاڵوگۆڕی هاووڵاتییان، بیرۆکە و زانیاری لە بوارەکانی کولتوور، پەروەردە، یاسا، چاودێری تەندروستی، سەرکردایەتی کۆمەڵگا، حکومڕانی خۆجێی، خوێندنی باڵا، تەنکنەلۆژیا، زانست، کاروبازرگانی، وەرزش و بوارەکانی دیکە کە جێگەی بایەخی هەردوولایە".

لەمەودا هەولێر وەک یەکەم شاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە دەیەم شاری دەستەخوشکی ناشڤێڵ، یەکێک لەو پێوەرە گرنگانەی هەولێری کردە دەستەخوشکی ناشڤێڵ بوونی ژمارەیەکی زۆری رەوەندی کوردی و رۆڵیانە لە کایە گرنگەکانی ئەم شارەدا، ئێستا هەزاران کوردی هەموو بەشەکانی کوردستان چالاکانە بەشدارن لە بوونیاتنانی ژێرخانی ناشڤێڵ.

دوا سەردانی ئەنجوومەنی شارەوانی ناشڤێڵ بۆ هەولێر مانگی ئایاری ئەمساڵ بوو، دوای لێکۆڵینەوەی ورد، بە کۆی دەنگ بڕیاری بە دەستەخوشکیان لەگەڵ هەولێر پەسەندکرد، پڕۆسەی بەدەستەخووشکبوونی دوو شار دوور و درێژە و کاری زۆری دەوێت. لە ساڵی 2014ـەوە بیرۆکەی بەدەستەخوشکبوونی هەولێر و ناشڤێڵ هاتە ئاراوە، ماوەی سێ ساڵیشە بەچڕی کاری لەسەر دەکرێت.