هەوڵدەدرێت ترەمپ لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوور بخرێتەوە

دۆناڵد ترامپ
دۆناڵد ترامپ

K24 - هەولێر

هەوڵەکان بۆ دوورخستنەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و دیارترین کاندیدی کۆمارییەکان، لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان ساڵی 2024، خەریکە دەبێتە راستی، ئەمەش بە پشتبەستن بە هێرشەکەی سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ، کە لە 6ـی یەنایەری 2021 روویدا.

لە بەندی بەشی سێیەم لە هەموارکردنی چواردەمین دەستووری ئەمەریکادا هاتووە، کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکایەتی، قەدەغە دەکرێت ئەگەر بەشداری لە یاخیبوون یان نافەرمانییەکی کردبێت. بەڵام دەستوور روونی نەکردووەتەوە کە ئەم قەدەغەکردنە چۆن جێبەجێ دەکرێت.

ژمارەیەکی زۆر لە لیبڕاڵەکان و ستراتیژییەکان و شارەزایانی یاسایی دەڵێن: لەبەر ئەوەی ترەمپ سوێندی خوارد بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە دەستوور کاتێک لە 20ـی یەنایەری 2017دا پۆستی سەرۆکایەتی وەرگرت، دواتر لە ساڵی 2021دا، لە دژی دەستوور یاخیبوو، بۆیە مافی خۆی نییە بەپێی ئەم بڕگەی سێیەمی هەموارکردنەکە خۆی کاندید بکات.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە ئێستادا رووبەڕووی 91 تۆمەت بووەتەوە، لە چوار لێپێچینەوەی یاسایی لە واشنتن دی سی و شاری نیویۆرک و ویلایەتی جۆرجیا و فلۆریدا، لیستی تۆمەتبارکردنەکە تۆمەتی پیلانگێڕی و فێڵکردن لە ئەمەریکا و رێگریکردن لە رێوشوێنە فەرمییەکان و پیلانگێڕی لە دژی مافی دەنگدانە، ئەو تۆمەتانەی کە دادگا لە واشنتن دی سی گوێی لێدەگیرێت، لە هەوڵەکانییەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 کە بە هێرشکردنە سەر کاپیتوڵ گەیشتە کۆتایی هات.

مشتومڕێکی یاسایی بەرفراوان لە ئەگەری رێگریکردن لە دانانی ناوی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2024دا هەیە، ئەمەش بە پشتبەستن بە هەمواری چواردەهەمی دەستووری ئەمەریکا.

تیمێک لە شارەزایانی یاسایی دەڵێن: دەکرێت ئەم هەموارکردنە بۆ دۆناڵد ترەمپ جێبەجێ بکرێت و لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دووربخرێتەوە بە پشتبەستن بە کارەکانی لە رووداوەکانی هێرشەکەی سەر باڵەخانەی کاپیتوڵ لە 6ـی یەنایەری 2021. لەو کاتەیدا دەبوایە دەسەڵات بەشێوەیەکی ئاشتیانە رادەستی جۆو بایدن سەرۆکی نوێی ئەوکاتی ئەمەریکا بکات.