لە لیبیا چوار بەندەری گەورەی نەوت داخران

لیبیا
لیبیا

K24 - هەولێر

دوو ئەندازیاری کەرتی نەوت رایانگەیاند، چوار بەندەری گەورەی نەوتی لیبیا بە ناوەکانی رەئس لانوف، زویتینا، بریقە و سیدرا، ئێوارەی رۆژی شەممە، بۆ ماوەی سێ رۆژ بەهۆی زریانێکی پێشبینیکراوەوە داخران.

حکومەتی یەکێتی نیشتمانی لیبیا وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری زریان و بارانبارینی چاوەڕوانکراو، لە ئێوارەی شەممەوە تا رۆژی دووشەممە قەدەغەی هاتووچۆی راگەیاند.

وەزارەتی ناوخۆی لیبیا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "قەدەغەی هاتوچۆ تا رۆژی دووشەممە، بەردەوام دەبێت"، هەروەها داوای چۆڵکردنی ناوچەکان و داخستنی سەرجەم دوکانەکانی تەنیشت کەناراوەکانی لیبیا و داخستنی ناوچە نزمەکانی کرد کە دەکەوێتە نزیک دۆڵەکان.

وەزارەتی ناوخۆ داوای لە هاوڵاتیان کردووە "وەڵامی ئەو رێوشوێنە ئەمنی و مرۆییە راگەیەندراوانە بدەنەوە بە چۆڵکردنی ماڵەکانیان و هاوکاری ئەندامانی هێزە چەکدارەکان و وەزارەتی ناوخۆ و رێکخراوە مرۆییەکان و مانگی سووری لیبیا و تیمەکانی وەزارەتی تەندروستی بکەن".