ديموكراته‌كانى ئه‌مريكا كه‌وتنه‌ دژايه‌تى ئێران

پارتى دیموكراتی ئەمریكا، رێگەچارەی سەربازی لەبەرامبەر بەرنامە مووشەكییەكانی ئێران بە گونجاو دەزانێت.

K24 – هه‌ولێر:

پارتى دیموكراتی ئەمریكا، رێگەچارەی سەربازی لەبەرامبەر بەرنامە مووشەكییەكانی ئێران بە گونجاو دەزانێت.

بەڵگەنامەی فەرمی سیاسەتی پارتى دیموكراتی ئەمریكا پەسەند كرا و تێیدا جەخت لە توندتركردنی گەمارۆكانی سەر ئێران و رێگەچارەی سەربازی بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەرنامەی موشكی ئێران كراوەتەوە.

بەپێی راپۆرتی گۆڤاری تایمز، پارتى دیموكراتی ئەمریكا لە یەكەمین كۆبوونەوەی بۆ ناساندنی ھیلاری كلینتۆن وەك كاندیدی ئەو حزبە بۆ ھەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماری ئەمریكا، بەڵگەنامەی گشتیی سیاسەتدانانی حزبەكەی پەسەند كرد.

له‌ سیاسەتەكانی پارتى دیموكراتی ئەمریكا لە بەرامبەر ئێران، رووبەڕووبوونەوەی رۆڵی تێكدەرانەی ئێران لە ناوچەكە و راگرتنی بەرنامە مووشەكییەكانی ئێرانە و دەشڵێت: لە ئەگەری بەردەوامی ئێران لە چالاكییە مووشەكییەكانی سەرەڕای توندتركردنی گەمارۆكانی سەر ئەو وڵاتە بە رێگەی سەربازی رووبەڕووی ئێران دەبنەوە.

لەو بەڵگەنامەدا، پارتى دیموكراتی ئەمریكا، كۆماری ئیسلامی ئێران بە پاڵپشتی تیرۆریزم و گرووپە توندڕەوەكان ناو دەبات و دەڵێت، شوێن پێی ئێران لە ھەموو نائارامی و ناسەقامگیرییەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دیارە و لە بەرامبەر ئێران پشتیوانی لە وڵاتانی ھاوپەیمانی ئەمریكا لە كەنداو دەكەین.