پێشەوا هەورامانی: وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانی بەغدامان داوەتەوە و ورووژاندنی هەر پرسیارێکی دیکەش "کات کوشتنە"

پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

لەدوای پەسەندکردنی یاسای بوودجەی عێراق، حکومەتی فیدراڵی ئامادە نەبووە تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لەنێو بوودجەدا هاتووە، بیدات و گوتەبێژی حکومەتیش دەڵێت "دەبوو ئێستا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەکو ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچەکانیان وەرگرتبا".

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوت: "906 ملیار دینارمان بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێویستە و نەدەبوو حکومەتی فیدراڵی ئەو بابەتە تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکە بکات".

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، "دەبوو وەکو ناوچەکانی دیکەی عێراق کە ئێستا مووچەی مانگی ئەیلوول وەردەگرن، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و ئەوانیش مووچەکانیان وەرگرتبا نەوەک لە چاوەڕوانیدا بمێننەوە".

لەبارەی ئەو 500 ملیار دینارەی کە بۆ سێ مانگ بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "حکومەتی فیدراڵی چەندین مانگی دیکەی ئەمساڵیان لەنێو پلانەکانیان لاداوە و باسیان نەکردووە، هەروەها نەشیانگوتوە بۆ ئەو چەند مانگە هەقی هەرێمی کوردستان چەند بووە".

لەپێناو دابینکردنی شایستە داراییەکانی هاووڵاتییان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن و دانووستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ئامادەیە و لەبارەی نەوت و داهاتی ناوخۆشەوە وردەکاریی تەواوی داوەتە حکومەتی فیدراڵی.

پێشەوا هەورامانی راشیگەیاندووە: "هیواخوازین بە هەرجۆرێک بێت، پێداچوونەوە بەو ژمارانە بکرێت کە باس دەکرێن و پێداچوونەوە بەو بڕیارانەش بکرێت کە بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەدرێن".

حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانی حکومەتی فیدراڵی لەبارەی داهاتە نەوتی و ناونەتییەکان داوەتەوە و لە بەرانبەر ورووژاندنی هەر پرسیارێکی دیکەش، گوتەبێژی حکومەت دەڵێت: "کات کوشتنە".

رۆژی پێنجشەممە (7ـی ئەیلوولی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، نەناردنی شایستە داراییەکانمان وەک لە بودجەی فیدراڵدا هاتووە، لەلایەن بەغداوە، زیان بە هاووڵاتییانمان دەگەیەنێت.

هەروەها رۆژی چوارشەممەش (6ـی ئەیلوولی 2023)، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، جەختی کردەوە کە لە بەرانبەر پابەندییەکانی هەرێم، پێویستە کۆی گشتی شایستەی داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت کە بە گوێرەی خشتەکانی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەکاتە بڕی 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار، کە مانگانە بە گوێرەی ژمارەکانی بودجە دەکاتە یەک ترلیۆن و375 ملیار دینار.

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی (3ـی ئەیوولی 2023) بڕیاردرا بۆ ماوەی سێ مانگ بڕی 500 ملیار دینار بە شێوەی قه‌رز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا یەکلایی کردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

هەروەها رۆژی هەینی، (8ـی ئەیلوولی 2023)، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی روونکردنەوەیەکی گوتەبێژی حکومەتی عێراقی دایەوە لەبارەی پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: "هیچ هۆکار و بیانویێک نابینین بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پێویستە دوور لە ئینفاقی فیعلی بەبێ هیچ تێکەڵکردنێک هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچە بنێردرێت و بەپێچەوانەی قسەکانی گوتەبێژ، مووچەخۆرانی هەرێم نەک سێ هێندەی مافی خۆیان بۆ نەنێردراوە بەڵکوو لەژێر ناوی قەرزدا ئەوەی کە بۆشیان نێردراوە نیوەی مافیشیان نییە و مووچەی چەند مانگێک پەڕێندراوە و باسی ناردنیشی نەکراوە".