بکوژی سێ ھاووڵاتییەکەی قەڵادزێ دەستگیرکرا

پۆلیسی راپەرین (ئەرشیف)
پۆلیسی راپەرین (ئەرشیف)

K24 - هەولێر

ئەو هاووڵاتییەی 7ـی ئەم مانگە سێ هاووڵاتی لە قەڵادزێ کوشت، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و ئاسایشی ڕاپەڕینەوە دەستگیرکرا. پۆلیسی راپەرین دەڵێت، تۆمەتبارەکە لە دایکبووی 1994ـە و دوای ئەنجامدانی "تاواناکە" بۆ سنووری کۆڕێی سەربە قەزای شەقڵاوە ڕایکردبوو و لە ماڵێک خۆی حەشاردابوو.

ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی ئەیلوولی 2023، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین راگەیەندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی دەستگیرکردنی بکوژی سەرەکی سێ هاووڵاتییەکەی قەڵادزێ بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "دوای ئەوەی لە شەوی پێنج شەممە، 7ـی ئەیلوولی 2023، لە قەڵادزێ سێ کەس لە یەک کات و شوێن کوژران؛ دەستبەجێ بەهاوبەشی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین/ بەشی پشدەر و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین دەست کرا بە ڕێکاری یاسایی بۆ ئەوەش لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد و زانیاری ورد و دروست لە ڕووداوی کوشتنەکە کۆکرایەوە. بۆ ئەو مەبەستە بڕیاری دادوەر بەدەست هات بۆ بەدواداچوون و دۆزینەوەی تۆمەتباری نادیار و دەستگیر کردنی بەپێی ماددەی 405 لە یاسای سزادان".

 وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، "دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد و بەدواداچوونی هێزە هاوبەشەکانی پۆلیس و ئاسایش لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباری نادیار، بەسوود وەرگرتن لە کامێراکانی چاودێریکردن لە ئەنجامدا تواندرا ناسنامەی تۆمەتبار ئاشکرابکرێت".

 ئەوەش خراوەتەڕوو، دوای ئەوەی بکەری سەرەکی کوشتنی سێ کەسەکەی قەڵادزێ ناسنامەی ئاشکراکرا، "بۆ ئەو مەبەستە شوێنی تۆمەتبارەکەش دۆزرایەوە و کە بەپێێ زانیاریەکان دەرکەوت تۆمەتبار لەکاتی ئەنجامدانی تاوانی کوشتنەکە ڕایکردووە بۆ دەروەی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین. زانیاریە دروستەکان دەریانخست تۆمەتباری سەرەکی دوای ئەنجامدانی تاوانی کوشتنەکە ڕایکردووە بۆ سنووری کۆڕێ سەربە قەزای شەقڵاوە و لە ماڵێک خۆی حەشارداوە".

ئاماژە بەوەش کراوە، "بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن بەڕێوەبەری پۆلیسی ڕاپەڕین زانیاری تەواو و دروست لەسەر ناوی سیانی تۆمەتبارەکە و شوێنی تۆمەتبارەکە و ئەو ماڵەی تۆمەتبار خۆی تیادا حەشار دابوو درا بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم و هەریەک لە بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر و بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی جوڵانەوە و تاوانی پۆلیسی گشتی هەرێمی کوردستان".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بۆ مەبەستی دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکی بکوژی سێ کەسەکەی قەڵادزێ دوای ئەوەی زانیاری ورد لەسەر ناسنامەی تۆمەتبار و شوێنی خۆحەشاردانەکەی درا بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، لەلایەن پۆلیسی کۆڕی و ئاسایشی سنوورەکە تواندرا تۆمەتباری سەرەکی بکوژی سێ کەسەکەی قەڵادزێ دەستگیر بکرێت. تۆمەتبارەکە ناوی (ق،هـ،ع) لەدایک بووی ساڵی 1994 پیشەی پێشمەرگە دانیشتووی سنووری قەزای پشدەر".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو: "لە ئێستادا چاوەڕوان دەکەین تۆمەتباری ناوبراو ڕادەستی هێزەکانی پۆلیسی ڕاپەڕین بکرێتەوە، ئەمەش بەهۆی تایبەتمەندی شوێنی ڕووداوەکە و بۆ ئەوەی لە دادگای لێکۆڵینەوەی پشدەر لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت. بۆ ئەو مەبەستە ئێمە وەک هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕپەڕین و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین لە سنورەکە هاوڵاتیانی سنوری ئیدارەی راپەڕین دڵنیادەکەینەوە کە هیچ تۆمەتبارێک ڕزگاری نابێت لە دەست یاسا و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش چ لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین بێت یان لە دەرەوەی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین."