فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق دژی نەناردنی پشکی هەرێم هەڵوێست وەردەگرن

K24 – بەغدا:

کێشەی رەوانەکردنی مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا تا دێت قووڵتر دەبێتەوە ، بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو هەردوو وەزیری دارایی فیدراڵی و هەرێم میوانداری پەرلەمانی عێراق بکرێن تا کێشە تەکنیکیەکان بخەنەروو، فراکسیۆنە کوردییەکانیش لە پەرلەمانی بەغدا رایدەگەینن، دەبێت لەمەودوا شەڕ و هەڵوێستەکانیان بهێننە ناو پەرلەمان و هەڵوێستی سیاسی زۆر تووندیان هەبێت تاکو پشکی هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت.

مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە نێو خشتەی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق خانەی خۆی هەیە و لە یاسایی بوودجە جێگیرکراوە. واتا هاوشێوەی پارێزگاکانی دیكەی عێراق دەبێت مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان مووچەکانیان وەرگرن، بەڵام هەریەک لە سەرۆک وەزیرانی عێراق، تیمی حکومەتی عێراق، وەزیری دارایی فیدراڵی و پەرلەمانتارە شیعەکان ، مووچەی فەرمانبەرانیان لە پشکی هەرێم تێکەڵکردووە بە داهات و خەرجیە گشتییەکان کە ئەویش کێشەی هەیە و بەو بیانووە مووچەیان بڕیووە.

شوان محەمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "خۆی کێشەکە ئەم خەرجی فیعلییە، لە راستیدا ئەمە %40ـی سیادییە و %30ـی حیساب ناکەن، عێراق نزیکەی 50 ترلیۆن خەرجکردووە 19 ملیاری حیساباتی لەسەرە، لەو 19 ملیارە هەرێم چەندی لەسەر دەکەوێت، بە گشتی ئەمە لە 2015ـەوە ئەم خەرجی فیعلییە هەیە لەناو بودجەدا و کاری پێنەکراوە، ئیستا ئەوان هەرکاتێک بیانەوێت کێشەیەک دروستبکەن دێن خاڵێک هەر دەدۆزنەوە".

بەگویرەی زانیاریەکانی کوردستان24 بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو هەردوو وەزیری دارایی حكومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق میوانداری بکرێن تاکو کێشە تەکنیکیەکان بخەنەروو، هاوکات زۆربەی پەرلەمانتارە کوردستانیەکان رایان وایە لایەنەكانی عێراق بە مەبەست دەستیان بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بردووە و دەبێت هەڵوێستیان یەک بخەن، ئەگەر دەرکەوت بیانووکانی تەیف سامی لاوازن، ئەوە دژی حکومەتی عێراقی رێکارە پەرلەمانیەکان بەیەکەوە دەگرنە بەر .

لەلایەن خۆیەوە، دارا سێکانیان، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەکگرتوو، بۆ کوردستان24 گوتی: مووچەی مووچەخۆران نەبەسترێتەوە بە ململانێ سیاسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، چۆن فەرمانبەرانی حکومەتی فیدڕاڵی لە سەری مانگ مووچەی خۆیان وەردەگرن فەرمانبەرانی هەرێمیش با هاوشێوەی ئەوان لە سەری مانگانەوە مووچەی خۆیان وەرگرن.

ناوبراو گوتیشی: چاوەڕێی دانیشتنی پەرلەمان دەکەین کە بانگێشتی هەردوو وەزیری دارایی هەرێم و عێراق کراوە، ئەگەر ئەو دانیشتنە سوودی نەبوو پێویستە لە داهاتوودا هەڵوێستی دیکەش بنرێت بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی باجەکەی نەدەن.

تیمی حکومەتی عێراق تەنانەت پەرلەمانتارە شیعەکانیش دەیان جۆری بیانووی قورسی سیاسی و یاسایی دەگرنەبەر تەنیا بۆ ئەوەی پشکی هەرێمی کوردستان رەوانە نەکرێت، بۆیە پەرلەمانتارە کوردییکانیش دەڵێن، دەبێت لەمەودوا شەڕ و هەڵوێستەکانیان بهێننە ناو پەرلەمان و هەڵوێستی سیاسی زۆر تووندیان هەبێت تاکو پشکی هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت.